رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای کەرکووک هۆشدارییەک ئاراستەی دانیشتووانی گوندەکانی سەر هەردوو دیوی زێی بچووک دەکات و داوایان لێدەکات لە کەنارەکانی رووبارەکە دووربکەونەوە.
لە ئاگادارییەکدا کە لەلایەن نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکووکەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "بەهۆی هاتنی لێشاوێکی زۆری ئاو لەو دۆڵ و شیوانەی دەڕژێنە نێو زێی بچووکەوە، هەروەها لە ئەنجامی بەردانەوەی بڕێکی زۆری ئاو لە بەنداوی دوبزەوە بە ئاراستەی رێڕەوی زێی بچووک، داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان و دانیشتووانی گوندەکانی هەردوو دیوی زێی بچوک دەکەین بەپەلە و دەستبەجێ لە ڕێڕەوی رووبار و دۆڵەکان دوور بکەونەوە و نزیکی کەنارەکانی رووبار نەبنەوە، هەروەها هەوڵی پەڕینەوە نەدەن لەو رێگایانەی کە ئاویان بەسەردا دەڕوات".
ئەم هۆشدارییە بەپێی راگەیێندراوەکە، "لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانیان و ماڵ و سامانیانە."
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ بەشێکی زۆری باشووری کوردستانی گرتوەتەوە و لە ئەنجامی دروستبوونی لافاو و کاریگەرییەکانی بارانبارینەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان لە سنووری کەرکووک بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ