رووداو دیجیتاڵ
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژى پۆلیسی هاتووچۆى سلێمانی بە رووداوى راگەیاند، تیمەکانى شارەوانى و بەرگریى شارستانى لە ئامادەباییدان و لە ئەگەرى هەبوونى هەر گرفتێک لەسەر هێڵن.
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژى پۆلیسی هاتووچۆى سلێمانی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هیچ رێگایەک بەهۆى بارانبارین و لافاوەوە داخراوە، گوتى: "هیچ رێگایەک لەنێو شار و دەرەوەى شاریش دانەخراوە و هاتووچۆ لە هەموو رێگاکان ئاسایی و کراوەیە".
لەبارەى ئامادەکاریی تیمەکانیان، بەهمەن عەبدوڵڵا گوتی: " تیمەکانى شارستانی ئەمڕۆ هەموو ئەو مەنهۆڵانەیان پاککردوونەتەوە کە ئەگەرى کۆبوونەوەى ئاوى تێدا هەبووە و ئامادەکارییان کردووە. هەروەها هەموو ئەو شوێنانەیان پشکنیوە کە ئەگەرى لافاوى لێیان هەیە".
بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانەی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، تاوەکو ئێستا 3 کەس گیانیان لەدەستداوە کە دووانیان لە سنووری چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و ئەوی دیکەش لە سنووری ناحیەی لەیلان لە پارێزگای کەرکووک بووە.
بارانبارینەکە لە بەشێکی باشووری کوردستان زیانی مادی لێکەوتەوە.
لە بارەى هەبوونى هەر رووداوێکى نەخوازراو، بەهمەن عەبدوڵڵا گوتى: "لەنێو شاری سلێمانیدا رووداوێکى ئەوتۆ رووینەداوە، تەنیا لە هەندێک شوێن بەهۆى خزینى ئۆتۆمبێلەوە چەند رووداوێکى بچووک روویاندا."
بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، دۆخی کەشوهەوا لە کاژێرەکانی داهاتوودا پێویستی بە ئاگاداری و وریایی زۆرە، هۆشدارییەکان تاوەکو بەیانیی رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ