رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، بەشێک لە ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کە هەفتەی رابردوو لە دۆکومێنتێکى 33 لاپەڕەیی بڵاوکرایەوە، "لە روانگەی ئەورووپاوە جێگەی قبووڵکردن نییە".
دوای ئەوەی دۆکیومێنتەکەى ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا، ئەورووپای بە کەمکردنەوەی ئازادیی سیاسی و سەرکوتکردنی ئازادیی رادەربڕین تۆمەتبارکرد، راوێژکارى ئەڵمانیا گوتی: "پێویست ناکات ئەمریکییەکان بیانەوێ دیموکراسی لە ئەورووپا رزگاربکەن".
لە سەردانێکیدا بۆ هەرێمی راینلاند-پالاتینات، مێرتس رایگەیاند، نێوڕۆکی ستراتیژییەکە سەرسامی ناکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دۆکیومێنتەکە "هەڵسەنگاندنەکەی من پشتڕاست دەکاتەوە کە دەبێت ئێمە لە ئەورووپا و لە ئەڵمانیاش لە رووی سیاسەتی ئاسایشەوە سەربەخۆبین، نەوەک سەر بە ئەمریکا".
راوێژکاری ئەڵمانیا داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش کرد کە بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە لەگەڵ ئەورووپا کاربکات.
مێرتس گوتى: "لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ ئەمریکییەکان دەڵێم: "سەرەتا ئەمریکا" باشە، بەڵام بەتەنیا مانەوەى ئەمریکا لە بەرژەوەندى ئێوەدا نییە. ئێوەش پێویستتان بە هاوبەشە لە جیهان و یەکێک لەو هاوبەشانە دەتوانێت ئەورووپا بێت."
ستراتیژیی نوێی ئاسایشی ئەمریکا، ئەورووپا وەک کیشوەرێک ناودەبات کە زێدەڕۆیی لە رێکارەکاندا دەکات، سانسۆر پەیڕەو دەکات و بەهۆی کۆچەوە رووبەڕووی "سڕینەوەی شارستانی" دەبێتەوە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی شوباتدا بە گوتارێک لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئەوروپییەکانی نیگەران کرد، کاتێک بانگەشەى ئەوەى کرد کە ئازادیی رادەربڕین لە کیشوەرەکەدا پاشەکشەی کردووە و خۆی لەگەڵ پارتە راستڕۆ تووندڕەوەکانی وەک پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) هاوڕا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ