کوردستان
وێنەیەک لەو ڤیدیۆیەی لە سۆشیاڵمیدیا لەلایەن رەنج پشدەری بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت کەسێک بۆی ناردووە
رووداو دیجیتاڵ
ڤیدیۆیەکی شێروان عەبدوڵڵا، هونەرمەندی میلـلیی کورد لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکرایەوە کە کەسێکی لەگەڵدایە و دەڵێت، لەسەر شەقام لە شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا دەمێنێتەوە، دۆخی تەندروستیی خراپە و چەند رۆژێکە بێ نان و ئاو و پارەیە. برایەکیشی رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەوەی چەند رۆژێکە بێپارە و بێ نان و ئاو بێت راست نییە،" بەڵام لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکاندایە و دۆخی دەروونیشی "باش نییە."
لەو ڤیدیۆیەی لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکراوەتەوە کەسێک دەردەکەوێت و دەڵێت، لەکاتێکی درەنگی شەو کە ئاماژەی پێنەکردووە کاژێر چەندە "مامۆستا شێروان عەبدوڵڵا هونەرمەندی میلـلیی کورد کاتێک بەو دۆخەوە بینیم نەمناسییەوە، بەداخەوە کە نازانێت لە کوێیشە و دەڵێت، چەند رۆژە لێرە بێ نان، بێ ئاو، بێ پارە و بێ مۆبایلە و دۆخی زۆر زۆر خراپە، داوا لە خێزانەکەی دەکەم و داوا لە کوڕەکەی دەکەم بێن بە هانایەوە."
مەریوان عەبدوڵڵا، برای شێروان عەبدوڵڵایە و دانیشتووی سلێمانییە، لەبارەی ڤیدیۆکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راستە براکەم ئالوودەی خواردنەوە کحولییەکان بووە، بەڵام ئەوە راست نییە کە دەڵێت چەند رۆژێکە بێ نان و ئاو و پارەیە."
شێروان عەبدوڵڵا لە ئەڵمانیا دەژی و دوایینجار بە گوتەی خێزانەکەی لە مانگی کانوونی یەکەمی 2020 گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و نزیکەی پێنج مانگیشە گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا. بە گوتەی براکەی شێروان عەبدوڵڵا مافی نیشتەجێبوونی لەو وڵاتە هەیە.
براکەی شێروان عەبدوڵڵا زانیاری لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئەو هونەرمەندە میللـییە ئاشکراکرد و گوتی، "براکەم دۆخی دەروونی جێگیر نییە، تەنانەت لە ئەڵمانیا کارتی تەندروستی هەیە کە دەڵێت مێشکی بە رێژەی 50٪ لەسەر خۆی نەماوە."
شێروان عەبدوڵڵا لە ئەڵمانیا بەتەنیا دەژی، ئەوەی لە نزیکیەتی بە گوتەی براکەی "دۆست و هاوڕێکانییەتی" دەشڵێت، "ئەو پێویستی بە کەسێکی نزیکە لە خێزانەکەی خۆی کە ئاگای لێی بێت، کاتێک گەڕایەوە سلێمانی خۆم ئاگام لێی بوو، بەڵام ئێستا کەس نییە ئاگای لێی بێت."
لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە و کاریگەریی لەسەر خێزانەکەی، مەریوان عەبدوڵڵا گوتی، "دایک و باوکم لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدان و ژیانمان نەماوە دوای بینینی ڤیدیۆکە." بۆیە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد هاوکاریی بکەن و ڤیزای بۆ دابین بکەن تاوەکو بچێتە ئەڵمانیا و ئاگاداری براکەی بێت یان بیهێنێتەوە هەرێمی کوردستان.
رووداو لێی پرسی کە ئایا راستە شێروان عەبدوڵڵا بێ پارە و خۆراکە و لەسەر شەقام دەمێنێتەوە؟ ئەو گوتی، "نەخێر، ئەو هێشتا بەردەوامە لە دانیشتنەکانی و کێشەی پارەی نییە، چەندین پەیوەندیش دێن و بۆ ئاهەنگەکان داوەتی دەکەن، بەڵام بەهۆی دۆخییەوە ناتوانێت بەتەنیا ئەو کارە بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ