رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی داخرانی بازاڕە داراییەکانی جیهان دا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 32 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4510 دۆلار.
لە گرێبەستەکانی ئاییندەش نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 40 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4500 دۆلار.
لە هەفتەی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 177 دۆلار بەرزبووەتەوە.
داتاکانی بازاڕی کاری ئەمریکا و گرژییە جیۆسیاسییەکان، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025دا لە ئەمریکا تەنیا 50 هەزار هەلی کاری رەخسێندراون، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا 60 هەزار هەلی کار رەخسابێت. هەرچەندە رێژەی بێکاری بۆ 4.4% دابەزیوە، بەڵام لاوازیی داتاکانی هەلی کار وەبەرهێنەرانی هان داوە زیاتر روو لە کڕینی زێڕ بکەن.
بارت مێلیک، سەرۆکی بەشی ستراتیژیی کاڵاکان لە دامەزراوەی "تی دی سیکیوریتیس" رایگەیاند: "داتاکانی هەلی کار ژینگەیەکی لاوازی کارکردنمان پێشان دەدەن. گرژیی سیاسی، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەڵاوسان و ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، وایکردووە زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بەهێز بمێنێتەوە."
چاوەکان تەنیا لەسەر ئابووری نین، بەڵکو گرژییە جیۆسیاسییەکانیش رۆڵێکی گەورەیان هەیە؛ بەردەوامیی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران، دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمریکاوە و ئاماژە نوێیەکانی واشنتن بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند، خواستیان لەسەر زێڕ زیادکردووە.
دامەزراوەی راوێژکاریی "مێتاڵس فۆکەس" پێشبینی دەکات بەهۆی مەترسییە سیاسییەکان، نرخی زێڕ لە ساڵی 2026دا ریکۆردی نوێ بشکێنێت و 5 هەزار دۆلار تێپەڕێنێت.
لە 26ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، زێڕ بەرزترین ئاستی مێژوویی تۆمارکرد کە 4,549.71 دۆلار بوو بۆ هەر ئۆنسەیەک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ