رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، زیاتر لە 150 هەزار کەس ئاوارەی ئەو شارە و دەوروبەری بوون و پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە، بەتایبەت لەڕووی دەرمان و خۆراکەوە.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیاتر لە 150 هەزار کورد لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەبەوە هاتوونەتە عەفرین و زۆرینەیان چوونەتەوە گوند و ناوچەکانی خۆیان."
ئەحمەد حەسەن گوتی، "ئەوانەی هاتوون خەڵکی رەسەنی عەفرینن، بەشی زۆریان لەنێو کەسوکاری خۆیاندا جێگەیان کراوەتەوە و دەژین، بەشێکی کەمیشیان لە کەمپەکاندان."
هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هەردوو گەڕەکەکە لە 06-01-2026ـەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە، بەهۆیەوە زۆرینەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاوارە بوون.
بەرپرسی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی، "ئەوانەی گەڕاونەتەوە پێویستی بەپەلەیان بە دەرمان، تیمی تەندروستی، بەتانی و خۆراکە، رێکخراوەکان هەن بۆ هاوکاری کردن، لەوانە وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەند رێکخراوێکی بیانی، بەڵام هاوکاری زیاتر پێویستە."
ئەحمەد حەسەن گوتی، "ژمارەیەک لەو گەنجانەی لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودەوە گەڕاونەتەوە دوای پشکنینی مۆبایلەکانیان دەستگیرکراون."
بە گوتەی بەرپرسی ئەنەکەسە لە عەفرین، "ئەو گەنجانە بەشی زۆریان هێشتا لە زینداندان، بەڵام بەهۆی زۆریی دەروازەکانی هاتنە عەفرین ژمارەیان نازاندرێت."
دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن گرووپە چەکدارە عەرەبەکانی سووریا بە هاوکاری سوپای تورکیا لە ساڵی 2018دا، تاوەکو ئێستا چەندین گرووپی چەکداریی لەو ناوچانە ماون و هەرچەند دەگوترێت تێکەڵی سوپای سووریا بوون، بەڵام بەرپرسانی کورد لەو ناوچەیە دەڵێن، "هێشتا هەندێک گرووپ هەن نەوەکو سەر بە حکومەتی سووریا نین، بەڵکو هیچ گوێشیان لێناگرن و سەربەخۆیانە کار دەکەن، بەتایبەت لە دەوروبەری عەفرین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ