رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق بە فەرمی بڕیاری کردنەوەی نووسینگەی گومرگی لە بازگەی باوە مەحموود لە گەرمیان دەرکرد، کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای دیالەیە، بەوەش لەبری گواستنەوەی کاڵا بۆ بازگەکانی کەرکووک، بازرگانانى هەرێمى کوردستان لەو بازگەیەوە کاڵاکانیان بۆ نێوەڕاست و باشوور دەنێرن.
نووسراوەکە رۆژی دووشەممە 9ی شوباتی 2026 لەلایەن سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراقەوە دەرکراوە بۆ کردنەوەی نووسینگەی گومرگیی بازگەی باوە مەحموود.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە خەڵکی سنووری ئیدارەی گەرمیانە، بە (رووداو)ی رایگەیاند، رێکارەکانی کردنەوەی ئەو نووسینگەی گومرگییەی باوە مەحموود لە رێگەی دەستەی گشتیی گومرگ و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تەواو بوون و فەرمانبەریان بۆ دابینکراوە و بڕیارە لە ئەمڕۆ سێشەممەوە 10ی شوباتی 2026 بەفەرمی کار بکەن.
زیاتر لە 8 مانگە بازگەی باوە مەحموود بە رووی گواستنەوەی کاڵا بۆ ناوەڕاست و باشووردا راگیراوە بەپاساوى ئەوەى بازگەکە پێداویستى و خزمەتگوزارى تەواوى نەبووە، بەو هۆیەوە بازرگانان کە لە دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کاڵایان هاوردە دەکرد، دەبوو کاڵاکانیان لە رێگەی بازگەکانی کەرکووکەوە ببەن بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق.
سروە محەممەد گوتى: "لەمەودوا بازرگانان ئەو رێگە دوورە نابڕن و لە بازگەی باوە مەحموود کاڵاکانیان دەگوازنەوە و لەوێ جیاوازیی گومرگییان لێ وەردەگیرێت".
ئەو کاڵایانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەبرێن بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور، لەلایەن دەستەی گشتیی گومرگی عێراقەوە جیاوازیی گومرگییان لێ وەردەگیرێت، کە دەبێت لەگەڵ ئەو گومرگەی لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بکاتە ئەو رێژە گومرگەی حکومەتی فیدراڵی، کە لە پێناسی نوێی گومرگیدا دیاری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ