رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی کاروباری ئاوارەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رایگەیاند ژمارەی ئاوارەکان لە رۆژئاوای کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 300 هەزار کەس.
شێخمووس ئەحمەد، بەرپرسی کاروباری ئاوارەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە بوولتەنی "نووڕۆژ"ی رووداودا، کە لەلایەن نالین حەسەنەوە پێشکەش دەکرێت، رایگەیاند "ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەڵێن 170 هەزار کەس ئاوارە بوون، ورد نین. بەپێی ئامارەکانی ئێمە، ژمارەی راستەقینە دوو هێندەی ئەوەیە و نزیکەی 300 هەزار کەسە."
شیخمووس ئەحمەد، هەروەها رایگەیاند کە بۆ دیاریکردنی ئاماری راست و ورد، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان "مانگی سووری کورد" و "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر" پێکهێنراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامەکان ئاشکرا دەکەن.
دۆخی کۆبانێ و ئاوارەبوونی خەڵکی رەققە
بەرپرسی کاروباری ئاوارەکان، تیشکی خستە سەر قەیرانی کۆبانێ و گوتی "ئێستا نزیکەی 200 هەزار ئاوارە لە کۆبانێن. لەم ژمارەیەدا، تەنیا 150 هەزار کەس لە رەققەوە ئاوارە بوون و روویان لە کۆبانێ کردووە". هەروەها گوتی "لە دەیان گوندی باشووری کۆبانێ کۆمەڵکوژی کراوە و ماڵ و موڵکی کورد لە رەققە تاڵان کراوە و بەرەو ئیدلب براون".
لەلایەکی دیکەوە، خەڵکی حەسەکەش بەهۆی ترس و مەترسیی شەڕەوە ناچار بوون بەرەو شارەکانی دربێسی و دێرک کۆچ بکەن.
قەیرانی خزمەتگوزاری و دۆخی سەرێ کانیێ
شێخمووس ئەحمەد، باسی لەوە کرد، کە کۆبانێ ئێستا لە دۆخێکی زۆر سەختدایە؛ ئاو و کارەبا بڕاون. هەروەها چەکدارەکان ئامێرەکانی کۆمپانیای ئینتەرنێت (R-cell) و مۆلیدەی تاوەرەکانی پەیوەندییان دزیوە، کە ئەمەش ژیانی رۆژانەی زیاتر ئاڵۆز کردووە.
دەربارەی گەڕانەوە بۆ سەرێ کانی، شێخمووس ئەحمەد گوتی: "ژمارەیەکی کەمی خێزانی عەرەب گەڕاونەتەوە، بەڵام وەک گەڕانەوەیەکی بەکۆمەڵ و فەرمی هیچ شتێک نییە. بۆ ئەمەش دەبێت لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی هەسەدە و حکومەتی کاتیدا هەنگاوی کرداری بنرێن."
"سوپاس بۆ هەرێمی کوردستان"
لە کۆتایی قسەکانیدا، شێخمووس ئەحمەد، سوپاسی "دەزگای خێرخوازیی بارزانی" کرد، کە خاوەنی پەیوەندیی نێودەوڵەتییە و لە قەیرانەکەدا رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە. هەروەها سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد کە هاوکاریی بەپەلەیان گەیاندووەتە ئاوارەکان و ئەمەی وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ چارەسەرێکی خێرا ناوبرد.
بەرپرسی کاروباری ئاوارەکان، بانگی لە بەرهەم ساڵح و کۆمیسیاریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) کرد کە بە شێوەیەکی چالاکتر دەستوەردان بکەن و هاوکاریی ئەو ئاوارانە بکەن کە لە دۆخێکی سەختدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ