کێشەی بازگەی مەخموور "بە شێوەیەکی کاتی چارەسەر کرا"

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
گردبوونەوەی هاووڵاتییان لەبەردەم بازگەکە
گردبوونەوەی هاووڵاتییان لەبەردەم بازگەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی بۆ چەند رۆژێک رێگری لە بردنە ژوورەوەی کاڵا و کەلوپەل لە هەولێرەوە بۆ قەزای مەخموور کرا، دانیشتووان و کاسبکارانی قەزاکە خۆپێشاندانیان کرد و رێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و مەخمووریان داخست. بەرپرسانی کارگێڕی و ئەمنیی نەینەوا دەڵێن، کێشەکە بە شێوەیەکی کاتی چارەسەر کراوە، بەڵام قایمقامی قەزاکە هۆشداری دەدات کە "تاوەکو بازگەکە هەبێت، کێشە بەردەوام دەبێت."
 
رۆژی دووشەممە، دەیان کاسبکار و هاونیشتمانیی قەزای مەخموور لە کاردانەوەی رێگرییەکانی بازگەیەکی سوپای عێراق، کە رێگەی نەدەدا خۆراک و کەلوپەل لە هەرێمی کوردستانەوە بگاتە قەزاکەیان، خۆپێشاندانیان دەستپێکرد و رێگەی سەرەکیی هەولێر – مەخمووریان بۆ 24 کاژێر داخست.
 
کاسبکاران دەڵێن، رێگرییەکان زیانی مادیی گەورەی پێگەیاندوون. داوود ئەحمەد، یەکێک لە سەوزەفرۆشەکان وەکو ناڕەزایەتییەک تەواوی بارە سەوزەکەی لە شەقام فڕێدا، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، "تەنیا ئەمڕۆ زیانی سێ ملیۆن دینارم بەرکەوتووە."
 
سۆران ئەحمەد، کاسبکارێکی دیکەیە و دەڵێت، "15 رۆژە رێگریمان لێدەکرێت، سەوزەکەم تێکچووە و نزیکەی چوار ملیۆن دینار زیانم کردووە."
 
کاسبکاران سکاڵایان لە "مامەڵەی نەشیاو" و گوشاری هێزە عێراقییەکان لە بازگەکە دەکرد. عەبدولقادر فەرحان، دانیشتوویەکی مەخموورە، بە رووداوی گوت، "سووکایەتیمان پێدەکەن و دەیانەوێت مەخمووریش چۆڵ بکەین."
 
رزگار محەممەد، قایمقامی مەخموور، بە رووداوی راگەیاند، کێشەکە پەیوەندیی بە رێنماییەکانی بەغدا و "ئاسایشی نیشتمانی"یەوە هەیە، داوای لە خۆپێشاندەران کرد رێگەکە بکەنەوە و گوتی، "نەخۆش هەیە پێویستی بە نەخۆشخانەی هەولێرە، داخستنی رێگەکە دەبێتە تاوان دژی خەڵکی دیکە."
 
هاوکات غەزوان داوودی، جێگری پارێزگاری نەینەوا، لە بەرنامەی بەرپرسیاردا گوتی، کێشەکە تەنیا لە مەخموور نییە و لە بازگەی سەبهانیش هەمان گرفت هەبووە. ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکە پەیوەندیی بە گومرگەوە هەیە و بازگەکان داوای باجی گومرگی دەکەن، چونکە پێیانوایە ئەو کاڵایانە باجیان بە هەرێمی کوردستان داوە و دەبێت بیدەنە حکومەتی فیدراڵیش.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (بەرپرسیار)دا گوتی، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری گومرگی باکوور، بڕیاردراوە بازگەی مەخموور ئاسایی بکرێتەوە.
 
بەگوێرەی چارەسەرە نوێیەکە، رێگە بە هاوردەکردنی پێداویستیی رۆژانە وەک سەوزە، میوە، کەلوپەلی نێوماڵ و رۆژانە دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری جۆری "کیا"ی مریشک دەدرێ. 
 
محەممەد جاسم کاکەیی ئاماژەی بەوەش کرد کە بازگەی مەخموور لەنێو ئەو خاڵە گومرگییە فەرمییانەدا نییە لەلایەن بەغداوە دیاریکراون، بەڵام "پێداگریمان کرد کە خەڵکی ئەو ناوچەیە پێویستیان بەو کاڵایانەیە و خاڵەکانی دیکە لێیانەوە دوورن."
 
سەرەڕای ئەمەش، کاکەیی هۆشداریدا کە ئەم چارەسەرە "درێژخایەن نییە" و بە گوشاری خۆپێشاندەران بووە.
 
سیامەند حوسێن، نوێنەری خۆپێشاندەران، لە (بەرپرسیار)دا گوتی، ئەوان بەم چارەسەرە رازین، بەڵام دڵنیا نین تاوەکو کەی کاری پێدەکرێ و رایگەیاند: "هەرکاتێک لە بڕیارەکەیان پاشگەزبوونەوە، ئێمەش دەست بە خۆپێشاندان دەکەینەوە."
 
داود ئەحمەد باسی بە "قاچاخبردن"ی کەلوپەل و پێدانی "پارە بە بازگەکە" کرد و گوتی: "خۆم، برام و کوڕێکم لەم هێڵە کاردەکەین، هەندێک بەقاڵی هاوپیشەمان کە خەڵکی مەخموور نین، بە پارە خۆیان رزگار دەکەن، مەرج نییە تەنیا کاتی شەو بێت، بەڵام کاسبکارانی مەخموور پارە نادەن، هەرچەندە بازگەکە چاوی لەوەیە پارەیان پێبدەین."
 
قایمقامی مەخموور داوا لەو کاسبکارانە دەکات کە لە بازگەکە داوای پارەیان لێکراوە سکاڵا تۆماربکەن. رزگار محەممەد گوتی: " هەر کەسێک دەڵێت، بار بە پارە ئاودیو دەکرێ، بابێت سکاڵا لە دادگەی مەخموور تۆمار بکات و ئێمەش و دادگەی مەخمووریش پشتیوانیی سکاڵاکەی دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

د. ئەشواق جاف: تێبینیمان لەسەر ئەو وەزارەتانە هەیە یەکێتی داوای کردووە

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، سبەی کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەنێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دەکرێت وەک تەواوکەری کۆبوونەوەی هەفتەی پێشوو، لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی بەربژێری هاوبەشی پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێت.