دەستەی تەندروستیی کۆبانێ: 26 نەخۆشی شێرپەنجە بێ دەرمان ماونەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
500 کەس بەهۆی ئاوی پیسەوە نەخۆش کەوتوون
500 کەس بەهۆی ئاوی پیسەوە نەخۆش کەوتوون
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی کۆبانێ، هۆشداری دەدات، کە دۆخی تەندروستی و مرۆیی کۆبانێ گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و رایگەیاند، بەهۆی ئاوی پیسەوە سەدان کەس نەخۆش کەوتوون و ئەو دەرمانەی لە شارەکەدا هەیە تەنیا بەشی هەفتەیەک دەکات.
 
دکتۆر ئەحمەد مەحموود، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی کۆبانێ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی رووداودا، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باسی لە دۆخی سەختی کۆبانێ و دەوروبەری کرد. مەحموود ئاماژەی بەوە کرد؛ دوێنێ و دوای زیاتر لە 20 رۆژ، تەنیا 5 کاژێر کارەبا دراوە، ئاو هێشتا بڕاوە و رێگە فەرمییەکانی هاتنی خۆراکیش داخراون.
 
بە گوتەی هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی کۆبانێ، ئێستا لەنێو شاری کۆبانێدا 5 نەخۆشخانە (3 گشتی و 2 تایبەت) کار دەکەن، بەڵام 5 بنکەی تەندروستی لە دەرەوەی شار لە کۆنترۆڵی ئەواندا نەماون. بەهۆی شەپۆلی گەورەی ئاوارەکانەوە، گوشارێکی زۆر لەسەر ئەو نەخۆشخانانە هەیە کە ماون.
 
دکتۆر مەحموود، روونیکردەوە کە لە بواری نەشتەرگەری، تاقیگە و دەرمانی تایبەتدا کەموکوڕییەکی گەورەیان هەیە. بەتایبەتی دەرمانی "دژە گەستنی سەگ" لە شارەکەدا نەماوە.
 
500 کەس بەهۆی ئاوی پیسەوە ژەهراوی بوون
 
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئێستای کۆبانێ، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە. دکتۆر ئەحمەد مەحموود گوتی: "تاوەکو دوێنێ 500 کەس بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە تووشی سکچوون و رشانەوە هاتوون و ژەهراوی بوون. تەنیا لە قوتابخانەی شەهید سیدۆ لە رۆژی 9ی شوباتدا 31 ئاوارە بەهۆی ئاوی پیسەوە نەخۆش کەوتوون."
 
ئەو دکتۆرە باسی لەوە کرد، بەهۆی سەرماوە، نەخۆشییە وەرزییەکانیش بە شێوەیەکی فراوان بڵاوبوونەتەوە. هەر نەخۆشخانەیەک رۆژانە پێشوازی لە 300 بۆ 400 نەخۆش دەکات.
 
کۆگاکانی دەرمان خەریکە بەتاڵ دەبن
 
هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی هۆشداری زیاتری دا و گوتی: "ئەو دەرمانەی لەبەردەستماندایە تەنیا دەتوانێت تاوەکو هەفتەیەکی دیکە بەشی نەخۆشەکان بکات."
 
مەحموود، هەروەها تیشکی خستە سەر دۆخی 26 نەخۆشی شێرپەنجە، کە لە کۆبانێ دەرمانیان نییە. ئەم نەخۆشانە لە دۆخێکی زۆر سەختدان و پێویستە بەپەلە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بگوازرێنەوە بۆ حەلەب یان شام.
 
ئەم قەیرانە تەندروستییە لە کۆبانێ، لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئاوارەکان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت و تواناکانی ناوچەکەش خەریکە نامێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی

سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە؛ "بەغدا چاوەڕێی کورد ناکات"

بڕیارە سبەی چوارشەممە، 12-02-2026، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بچێتە پیرمام و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، یەکلایی کردنەوەی بەربژێرێکی کوردە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.