رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆدا کە لەسەر رێگەی ئاکرێ - رۆڤیا لە پارێزگای دهۆک روویداوە، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارەکەش دەڵێت، 10 کەس بریندارن کە شەشیان منداڵن.
ئەمڕۆ هەینی، 10-03-2023، موقەدەم کاروان موفتی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی ئاکرێ بە رووداوی گوت، رووداوەکە لە جۆری لێکدان بووە و لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت بووە. گوتیشی، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ کراون.
رووداوەکە لە چوارڕیانی ناحیەی گردەسێن روویداوە. رائید عیماد حوسێن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت، بەهۆیەوە 10 کەس بریندار بوون کە شەشیان منداڵ و سێ کەسی دیکەیش ژنن، هەروەها پیاوێکیش بریندارە و برینی یەکێک لە ژنەکان سەختە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراوە.

هاوکات نێچیرڤان هەرکی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، جگە لە یەک بریندار کە برینەکەی سەختە و رەوانەی دهۆک کراوە، بریندارانی دیکەی رووداوەکە لە فریاکەوتنی ئاکرێ چارەسەرییان بۆ دەکرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ کاژێرێک دوای رووداوەکە بە رووداوی گوت، ئەو ژنە بریندارەی کە رەوانەی دهۆک کرابوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری ئۆپڵ ڤیکترا روویداوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، محەممەد مەولوود کە 25 ساڵە و ئیلهام ئیسماعیل کە تەمەنی 21 ساڵە، لەگەڵ سۆلاڤ مەولوود لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە کە خەڵكی گوندی شێخانۆکن لە سنووری ناحیەی گردەسێن لە قەزای ئاکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ