هێرشەکان بەردەوامن؛ 222 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، هەرێمی کوردستان بە 222 درۆن و مووشەک بۆروومان کراوە. بۆردوومانەکان زیانی گیانی و مادییان هەبووە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی تۆڕی میدیایی رووداو، سنووری پارێزگای هەولێر بە 192 درۆن و مووشەک، سلێمانی بە 24 درۆن و مووشەک، دهۆک چوار درۆن و هەڵەبجەش بە دوو درۆن بۆردوومان کراون.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە هێرشەکاندا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 19 کەسیش بریندار بوون.
 
زۆرترین هێرش بۆ سەر هەولێر
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی ئادار، کە رۆژی یازدەیەمی جەنگەکەیە، 192 هێرشی درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون زۆرینەیان سەنتەری هەولێری کردووەتە ئامانج.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆرینەی هێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانییەوە تێکشکێندراون".
 
هێرشەکانی سلێمانی کەمتر بوون. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە 03ـی ئادارەوە 24 درۆن و مووشەک بوون کە چڕتریان شەوی 7ـی ئادار بوو، کاتێک بە شەش درۆن شارەکە بۆردوومانکرا. دوایین درۆنیش ئەمڕۆ لە نێوان قەرەهەنجیر و چەمچەماڵ خرایە خوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە.
 
بەگوێرەی ئامارەکان کە رووداو کۆی کردوونەتەوە، لە پارێزگای دهۆک بە چوار درۆن سێ هێرش دژی سنوورەکە کراون. لە یەکێک لە هێرشەکاندا شەوی 05ـی ئادار، کێڵگەی نەوتی سەرسنگ کرایە ئامانج و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە راگیرا.
 
لە هەڵەبجە کەمترین هێرش کراوە. 7ـی ئادار بە دوو درۆن چیای شنروێ لە سنووری پارێزگاکە بۆروومان کرا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکە دژی تاوەرەکانی پەیوەندیی کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم کراون.
 
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون یان درۆن و مووشەکیان لێ کەوتووەتە خوارەوە
 
پارێزگای هەولێر: درۆن مووشەک لەم ناوچانە کەوتوونەتە خوارەوە: کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، چۆمان و سۆران.
 
پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ
 
پارێزگای دهۆک: کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و گوندێکی سنووری ئاکرێ.
 
پارێزگای هەڵەبجە: چیای شنروێ.
 
رێکخراوێک: 4 گیانلەدەستدان هەن
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ 11ـی ئادار، بەهۆی جەنگ و کاریگەرییەکانی جەنگەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، سێ یان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و ئەوی دیکەش کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بووە.
 
رێکخراوەکە کە بۆردوومان و هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی تۆماردەکەن بە رووداویان راگەیاند، "بەهۆی هێرشەکانەوە دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر، یەک پێشمەرگەی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئەندامێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گیانیان لەدەستداوە".
 
بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانەوە 19 کەس بریندار بوون؛ 12یان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، 6 لە سنووری پارێزگای سلێمانی و یەک لە سنووری پارێزگای دهۆک.
 
لە ئامارەکەدا هاتووە "لە بریندارەکان 3 یان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون و لە فڕۆکەخانەی هەولێر بریندار بوون، هەروەها دوویان سێکیوریتی بوون لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، یەکێکیان سێکیوریتی بووە لە هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی. هاوکات سێ سڤیل برینداربوون، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ بووە لە زاخۆ، بریندارێکیش پەرستارێک بووە لە کەمپی ئازادیی لە کۆیە. هەروەها 10 بریندار پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون".
 
جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان و هەولێر دەستیان پێکرد و بەردەوامە.
 
زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان  لەلایەن ئێران کراون، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیاریێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی. وێنە: Getty Images/ئەرشیڤ

زانیاریی ورد لەسەر بۆردوومانکردنی حەشدی شەعبی لە کەرکووک؛ لانیکەم 6 چەکدار کوژراون و 25 بریندارن

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق. شانەی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، کوژراو و بریندار هەیە. دوو سەرچاوەی رووداو ئاشکرای دەکەن، لانیکەم شەش چەکداری گرووپی کەتائیبی ئیمام عەلی لە هێرشەکاندا کوژراون