رووداو دیجیتاڵ
ئوردن بە تووندترین شێوە بەئامانجگرتنی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات کرد.
وەزارەتی دەرەوە و کاروباری کۆچبەرانی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، جەختی لە پێویستیی رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و رێککەوتننامەکانی جنێڤی ساڵی 1949 و ڤیەننای ساڵی 1961 تایبەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کردەوە.
وەزارەتەکە رایگەیاند، گرنگە پاراستنی بارەگای نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەندامەکانیان مسۆگەر بکرێ، هاوکات هاوپشتی و وەستانەوەی رەهای وڵاتەکەی لەگەڵ ئیمارات دووپات کردەوە.
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتیش لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە شەوی رابردوو لە رێگەی درۆنەوە کرایە سەر کۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات گوتی، بەئامانجکردنی نێردە و بارەگا دیپلۆماسییەکان پێشێلکارییەکی زەقی سەرجەم نەریت و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی رێککەوتننامەی ڤیەننا کە پارێزبەندیی تەواو بە باڵەخانە دیپلۆماسییەکان و کارمەندەکانیان دەدات؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هێرشە گرژییەکی مەترسیدار و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
وەزارەتەکە داوای لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن بۆ دۆزینەوەی لایەنی بەرپرسیار لە هێرشەکە، بۆ ئەوەی سەرجەم رێکارە پێویستەکان بگرنەبەر و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ