رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنی کرد و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە. سەرکۆنەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا و داوا لە بەغدا کرا رێگرییان لێبکات.
رۆژی سێشەممە (10-3-2026)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆک، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی پێشمەرگە، ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکان ئامادەی بوون، بە وردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی کردەوە: "هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت." هەروەها جەختی کردەوە: "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هێرشەکانی ئەم دواییە؛ تێیدا "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زیانی گیانی و ماڵییان لێکەوتووەتەوە."
لەو چوارچێوەیەدا جەخت کرایەوە کە "حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارە لەوەی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی."
لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین بڕیار و رێنمایی بۆ پتەوکردنی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان، هەروەها شێوازی مامەڵەکردنی دەزگاکانی راگەیاندن لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان دەرچوون.
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ سێشەممە 2026/3/10 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆك، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد کە تێیدا بەڕێزان وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. ههروهها چهندين بڕيار و ڕێنمايى بۆ پتهوكردنى پاراستنى ئاسايش و ئاراميى ههرێمى كوردستان و چۆنيهتيى مامهڵهكردنى دهزگاكانى ڕاگهياندن لهگهڵ ڕووداو و پێشهاتهكاندا دهرچوون.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا جەختى کردهوه کە به هيچ شێوهيهك ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی ديكهی دراوسێ.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زيانى گيانى و ماڵييان لێ كهوتووهتهوه. لهمبارهیەوه جهخت كرايهوه كه حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاره لهوهى ئهركى خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی.
لە کۆبوونەوەکەدا، هاوسۆزى و هاوخهمى لەگەڵ خێزان و بنهماڵهى شەهید و بريندارانى هێرشهكانى سهر ههرێمى كوردستان دووپات كرايهوه، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ