رووداو دیجیتاڵ
ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە تێیدا چەند کەسێک لە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە گواستنەوەی شیردا لە شاری تاران سەرقاڵی تێکەڵکردنی ئاوی خواردنەوەن لەگەڵ شیرەکە.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، سێ کەس لەنێو ئۆتۆمبێلێکدان کە تایبەتە بە کۆمپانیای گواستنەوەی شیر، سەری قوتووە شیرەکان دەکەنەوە و ئاوی خواردنەوەیان تێدەکەن. ڤیدیۆکە لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بە خێرایی بڵاوبووەوە و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
پۆلیسی تاران رایگەیاند، هەر سێ کەسی نێو ئۆتۆمبێلەکە کارمەندی کۆمپانیای تایبەت بە گواستنەوەی شیری کۆمپانیای "کالە"ن لەنێو شاری تاران.
بەپێی زانیارییەکانی کە پۆلیسی تاران بڵاویکردوونەتەوە، ئەو سێ کەسە بە بڕیاری دادگەی تاران دەستگیرکراون و لە یەکەم لێدوانیاندا دانیان بەوەدا ناوە کە ئاویان تێکەڵی شیرەکە کردووە، "بەڵام گوتوویانە ئەو شیرە کاتەکەی بەسەرچووبوو و بەو جۆرە ویستوویانە قوتووەشیری زیاتر بدەنەوە کۆمپانیای کالە تاوەکو پارەی زیاتریان دەستبکەوێت."
پۆلیسی تاران باسی لەوەشکردووە، "هیچکام لەو قوتووە شیرانە لەنێو بازاڕدا بڵاونەبووەتەوە و سەرپێچیکارانیش دراونەتە دەست دادگەی تاران تاوەکو سزا بدرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ