زۆرینەی کتێبەکانی کوردستان لەدەرەوە چاپ دەکرێن؛ بەرزی نرخ هۆکاری سەرەکییە

10-04-2025
هۆرڤان رەفعەت
 زۆرینەی کتێبەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە چاپ دەکرێن.
زۆرینەی کتێبەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە چاپ دەکرێن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 چاپخانەی تایبەت بە چاپکردنی کتێب هەیە، بەڵام 65٪ـی ئەو کتێبە کوردییانەی لەپێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێرن بۆ کتێب، لە ئێران، تورکیا، لوبنان، ئوردن و چەند وڵاتێکی دیکە چاپدەکرێن.
 
لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، 17ـەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی بۆ کتێب بەڕێوەدەچێت.
 
زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی جیاواز و بە زمانی جیاواز لە پێشانگەکە نمایشکراون.
 
زیاتر لە نیوەی کتێبەکان کوردین، بەڵام زۆرینەی ئەو کتێبانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان چاپکراون.
 
رێدار ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوەی دەزگەی رۆشنبیری خاڵ بە رووداوی گوت: "ئێمە ئەگەر لێرە ئەم کتێبە چاپ بکەین، دەبێت تەنیا بۆ بەرگەکەی هەزار دینار بدەین، تەنانەت تاوەکو چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەم نایلۆنەی بە بەرگەکەوە دەکرێت لێرە نەبوو، هەروەها کتێبەکە بە گشتی لە ئێران دۆلارێک و نیو دەکەوێت، بەڵام لێرە نزیکەی 3 دۆلار دەکەوێت".
 
عەبدوڵا فایەق، نوێنەری فرۆشتنە لە دەزگای نارین و بە رووداوی گوت: "ئێمە وەک دەزگای نارین هەموو کتێبەکانمان لە دەرەوە چاپ دەکەین، زۆربەیشیان لوبنان و پاشان لە ئێران، چونکە لەرووی نرخەوە زۆر هەرزانترە. هەروەها لەرووی کوالێتیشەوە باشترە لەوانەی خۆمان".
 
35 چاپخانەی تایبەت بە چاپی کتێب لە هەرێمی کوردستان هەیە، خاوەنی چاپخانەیەک دەڵێت ساڵ بە ساڵ هەم چاپکردنی کتێب لەلایەن نووسەرانەوە کەمتر دەبێت و کەمتریش لە کوردستان چاپدەکرێن.
 
حەسەنی دانیشفەر، خاوەنی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دانیشفەر بە رووداوی گوت: "ئێمە ناتوانین کێبڕکێی وڵاتێکی وەکو ئێران بکەین، رەنگە لەرووی کوالێتییەوە بتوانین، بەڵام لەڕووی نرخەوە ناتوانین، ئێمە بۆ کرێکاریک دەبێت 600 دۆلار بدەین، بەڵام لەڕووی دەستی کار ئێران هەرزانە و بەو پارەیە 6 کرێکار دەگرن، هەروەها نرخی کارەبا و خزمەتگوزاریشیان لەسەر هەرزانترە".
 
فەیسەل شێخ ئەیوب، خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە و پێشتر چاپخانەکەی لە رۆژئاوا بووە و ئێستا هاتوونەتە هەولێر. لەماوەی دوو ساڵدا 750 کتێبیان چاپ کردووە.
 
فەیسەل بە رووداوی گوت، "ئێمە کە لێرە چاپ دەکەین دەتوانین کۆنترۆڵی پاکوخاوێنی چاپ لەرووی وشەکاری و نوسینکاری بکەین و هەر هەڵەیەک هەبێت راستی بکەینەوە و کوالێتیشمان زۆر زۆر باشە. ئەگەر کەسێک لەدەرەوە کتێب چاپ بکات، ناتوانێت کۆنترۆڵی چاپکردنەکە بکات، بەڵام لێرە وانییە".
 
یەکێک لە گلەییەکانی زۆرینەی چاپخانەکانی کوردستان ئەوەیە، نەک تەنیا خەڵک بەڵکو حکومەتیش پڕۆگرامەکانی خوێندن و کتێبەکانی لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان چاپ دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو دیمەنی لافاوەکەی چەمچەماڵ

پارێزگای هەولێر: هەر کەسێک بێ مۆڵەت کەمپەین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بکات سزا دەدرێت

پارێزگای هەولێر رێوشوێنی بۆ رێکخستنی کەمپینەکانی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیان دەرکرد و رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک لەسەر شەقامەکان بە ناوی کۆمەکەوە رێگە لە هاتووچۆ بگرێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.