رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیاری دا ژنانى ئێزدی بەدەر بکات لە مەرجى تەمەنى وەرگرتن بۆ خوێندن لە زانکۆ و خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و 10 نمرەش بۆ کۆنمرەکانیان زیاد بکرێت بۆ ئەوەى بتوانن لەو ئاستانەدا بخوێنن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ى نیسانى 2025، عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ وکۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند:محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بڕیارداوە ژنانى ئێزدى لە مەرجى خوێندن لە زانکۆ و ماستەرو دکتۆرا بەدەر بکات، ئەگەر لە کەمپى ئاوارەکان بێت یان گەڕابێتەوە بۆ زێدى خۆى یان رزگاربووى دەستى داعش بووبێت.
عەلى جەهانگیر گوتى:" هەر ژنێکى ئێزدى بیەوێت بخوێنێت لەلایەن وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانەوە پاڵپشتییەکى پێ دەدرێت لە کەمپى ئاوارەکان بێت یان گەڕابێتەوە بۆ ئەوەى سودمەند بێت لەو بڕیارە".
بە گوێرەى یاسای خوێندنى باڵاى عێراق، ئەو خوێندکارانەى لە زانکۆ حکومییەکان دەخوێنن،نابێت تەمەنیان لە 35 ساڵ زیاتر بێت، ئەوانەى ماستەر دەخوێنن، دەبێت تەمەنیان 40 ساڵى تێپەڕ نەکردبێت، بۆ خوێندنى دکتۆاراش کەمتر لە 45 ساڵ دیاری کراوە.
عەلى جەهانگیر گوتى:" یەکێک لە بڕیارەکانى دیکە ئەوەیە 10 نمرە بخرێتە سەر کۆنمرەى ئەو ژنە ئێزدیانەى دەیانەوێت لە زانکۆ یان ماستەر و دکتۆرا وەربگیرێن".
مەرجى خوێندنى باڵا بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و خوێندنى ماستەر و دکتۆرا ئەوەیە 65 بێت بۆ کارمەندانى دەوڵەت و 70 بێت بۆ ئەوانەى لە کەرتى گشتى دانەمەزراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ى نیسانى 2025،وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە ئیڤان فایەق،وەزیرى ئەو وەزارەتە رەزامەندى سەرۆکوەزیرانى لەسەر لابردنى ئەو مەرجانە وەرگرتووە وەک هەنگاوى جێبەجێکردنى چەند پێشنیازێک بۆ کەمکردنەوەى کۆژانى ژنانى ئێزدى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ