رووداو دیجیتاڵ
راپرسییەک لەنێو هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان لەبارەی متمانەی سیاسییان بە حیزبەکان دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە و لە راپرسییەکەدا دەردەکەوێت بەهۆی پێکنەهێنانی حکومەتەوە متمانەی خەڵک بە لایەنە سیاسییەکان کەمبووەتەوە بەراورد بە پێش هەڵبژاردن.
رابەر تەڵعەت، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی سبەی کە راپرسییەکەیان ئەنجامداوە و بۆ یەکەمینجار لە رێگەی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ئەنجامەکانیان ئاشکراکرد گوتی: راپرسییەکە لەنێو 1590 کەس لە پارێزگەکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
وەکو خۆی دەڵێت، لەو ژمارەیە 1242 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون کە دەکاتە 78.1٪ی بەشداربووان و 21.9٪ کەسیشیان لە رەگەزی مێ بوون و ژمارەیان 348 هاونیشتمانی بووە و ئەنجامدانی پرۆسەکەش مانگێکی خایاندووە و لە رۆژی 12.2.2025 دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی 11.3.2025 سەرجەم فۆرمەکان پڕکراونەتەوە.
لە بەشێکی راپرسییەکە، پرسیار لە هاونیشتمانییان کراوە کە چۆن دەڕواننە بارودۆخی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان 40.7٪ بەشداربووان پێیانوابووە کە دۆخەکە زۆر سەقامگیرە، 50.3٪ پێیانوابووە سەقامگیرە 23.6٪ گوتویانە تاوەکو رادەیەک سەقامگیرە و 11.4٪ گوتوویانە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان ناسەقامگیرە و 11.4٪ش پێیانوایە زۆر ناسەقامگیرە.
رابەر تەڵعەت لەوبارەیەوە دەڵێت: ئاماژەکان لەبارەی گەشبینی هاونیشتمانییان بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی ئەرێنین و بە گشتیی هاونیشتمانییان پێیانوایە دۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیرە، بەڵام بەهۆی کاریگەریی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لەسەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگە هەمیشە ئەنجامی راپرسییەکان لەنێوان زۆنی زەرد و زۆنی سەوز جیاوازن و هەر زۆنێک لەژێر کاریگەریی گوتاری ئەو حیزبەیە کە تێیدا باڵادەستە.
بەشێکی بەرفراوانی راپرسییەکە تایبەتە بە کەمبوونەوەی متمانەی هاونیشتمانییان بە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەدوای هەڵبژاردنی خوولی شەشی پەرلەمانی کوردستان کە مانگی تشرینی دووەمی 2024 ئەنجامدرا و لەو راپرسییەدا دەردەکەوێت دوای شەش مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن متمانەی هاونیشتمانییان بە لایەنە سیاسییەکان کەمبووەتەوە بە رێژەی جیاواز بەجۆرێک:-
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان:-
نەبوونی متمانە 76.5٪
متمانە تاوەکو رادەیەک 10.5٪
متمانە 13٪
پارتی دیموکراتی کوردستان:-
نەبوونی متمانە 59.9٪
متمانە تاوەکو رادەیەک 8.9٪
متمانە 31.2٪
بزووتنەوەی گۆڕان:-
نەبوونی متمانە 95.3٪
متمانە تاوەکو رادەیەک 3 ٪
متمانە 1.8 ٪
بەرەی گەل:-
نەبوونی متمانە 94.7 ٪
متمانە تاوەکو رادەیەک 3.1 ٪
متمانە 2.1 ٪
رەوتی هەڵوێست:-
نەبوونی متمانە 91.5٪
متمانە تاوەکو رادەیەک 4.5٪
متمانە 4 ٪
نەوەی نوێ:-
نەبوونی متمانە 91.3 ٪
متمانە تاوەکو رادەیەک 5 ٪
متمانە 3.7 ٪
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان:-
نەبوونی متمانە 91.3 ٪
متمانە تاوەکو رادەیەک 5 ٪
متمانە 3.6 ٪
کۆمەڵی دادگەری:-
نەبوونی متمانە 93.4 ٪
متمانە تاوەکو رادەیەک 3.8 ٪
متمانە 2.8 ٪
بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی سبەی لەبارەی متمانەی هاونیشتمانییان بە پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بە گشتیی متمانەی هاونیشتمانییان بە پارتە سیاسییەکان کەمبووەتەوە، بەڵام متمانەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو هاونیشتمانییان سەقامگیرترە بەراورد بە متمانەی لایەنەکانی دیکە.
گوتیشی: پارتی و یەکێتی بەردەوام رێژەیەکی زۆر دەنگی خۆڵەمێشی هەڵبژاردنەکان بەدەستدەهێنن، هۆکاری کۆکردنەوەی ئەو دەنگە خۆڵەمێشییانەش لەلایەک کارنامەی سیاسی و لە لایەکی دیکەشەوە هەیمەنە و دەسەڵاتیانە، بەشێک لە دەنگدەرانی خۆڵەمێشی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکان بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە و بەرژەوەندی خۆیان لە بەردەوامی دەسەڵاتی ئەم دوو هێزە دەبیننەوە.
"جگە لە هەیمەنە و دەسەڵات، خاڵێکی دیکە کە وایکردووە هێشتا متمانەی پارتی و یەکێتی لەنێو هاونیشتمانییان زیاتر بێت بەراورد بە هێزەکانی دیکە ئەوەیە کە گوتاری ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان پاشەکشێی کردووە و ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە جۆرێک لە چەقەچەقی سیاسییە نەوەکو ئۆپۆزیسیۆن، هەربۆیە ئەو هێزانەی کە بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە دروستدەکرێن و جگە لە هاتوهاوار هیچی دیکەیان پێناکرێت هەر زوو متمانەی خەڵک لەدەست دەدەن بۆ نموونە هێزێکی وەکو نەوەی نوێ کە متمانەی سەروو 90٪ی خەڵکی لەدەستداوە بەپێی نموونەکانی راپرسییەکە" رابەر تەڵعەت وای گوت.
هاوکات، پرسیارێکی دیکەی راپرسییەکە تایبەت بووە بەوەی ئاستی متمانەی هاونیشتمانییان بە پارتە سیاسییەکان چەندە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان و لەوێش دەردەکەوێت 17.9٪ بەشداربووان متمانەیان بە پارتی دیموکراتی کوردستانە دۆخەکە چارەسەر بکات و 4.6٪ پێیانوایە پارتی و یەکێتی پێکەوە دەتوانن دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، 4.1٪ گوتویانە متمانەیان بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە بۆ چارەسەری دۆخەکە و 3.3٪ متمانەیان بە هیچ لایەنێک نییە کە بتوانێت دۆخی ئێستای هەرێمەکە چارەسەر بکات و 1.3٪یش پێیانوایە هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە دەتوانن دۆخی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن.
هاوکات 1.1٪ پێیانوایە نەوەی نوێ و 0.3٪ کۆمەڵی دادگەری و 0.2٪ رەوتی هەڵوێست و 0.1٪ پێانوایە بەرەی گەل دەتوانێت دۆخی چەقبەستووی ئێستای هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
"تەوتین و هەژماری من"
بەشێکی دیکە راپرسییەکە تایبەتە بە رای هاونیشتمانییان و ئاستی زانیارییان بەرامبەر (بەجێکردنی مووچە و هەژماری من) کە لە راپرسییەکەدا بە تەوتین و هەژماری من دەستنیشانکراون و تێیدا دەردەکەوێت ئاستی زانیاری هاونیشتمانییان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەو دوو پرۆسەیە جیاوازە.
بەجۆرێک، لە هەولێر 30.90 ٪ بەشداربووان زانیارییان هەیە لەبارەیەوە و 61.10 ٪ بەشداربووان زانیارییان نییە لەبارەی پرۆسەکە بەڵام لە سلێمانی 32.80 ٪ هاونیشتمانییان زانیارییان لەبارەی بەجێکردنی مووچە و هەژماری من هەیە و 53 ٪ش زانیارییان نییە، لە دهۆک 31.90 ٪ زانیارییان هەیە و 64 ٪ زانیارییان نییە و لە هەڵەبجەش 29.10 ٪ زانیارییان هەیە و 59.10 ٪ زانیارییان لەبارەی وردەکارییەکانی هەژماری من و بەجێکردنی مووچە نییە.
لەبارەی خەتاباری گرفتی مووچەش لەنێوان هەولێر و بەغدا، بە هەمانشێوە رای هاونیشتمانییان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەک جیاوازە. بەجۆرێک 20٪ی بەشداربووان لە هەولێر پێیانوایە هەرێمی کوردستان خەتابارە لە بەردەوامی کێشەی مووچە و 35.5٪یش ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی حکومەتی عێراق، بەڵام لە سلێمانی 31.9 ٪ بەشداربووان پییانوایە هەولێر خەتاباری سەرەکی بەردەوامی کێشەی مووچەیە و 7.1 ٪ گوتویانە خەتای بەغدایە، لە هەڵەبجە 11.8 ٪ بەشداربووان گوتویانە بەردەوامی کێشەی مووچە خەتای هەولێرە و تەنیا 3٪ی بەشداربووان دەڵێن خەتای بەغدایە و لە دهۆکیش 11.6 ٪ بەشداربووان ئۆباڵی بەردەوامی کێشەی مووچە دەخەنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان و 40.1٪ بەشداربووانیش پێیانوایە بەغدا هۆکارە بۆ بەردەوامی کێشەی مووچەی مووچەرخۆران و خەتاباری سەرەکییە.
هاوکات لەنێوان تەوتین و هەژماری من لەسەر ئاستی هەرهاوکات لەنێوان تەوتین و هەژماری من لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان داتاکانی راپرسییەکە بەمجۆرەن:-
هەژماری من 37.10٪
تەوتین 41.40٪
هەردووکیان 7.80٪
هیچیان 6٪
نازانم 7.80٪
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ