رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، خەڵکی وەرتێن لە فێستیڤاڵ و رۆژی ناحیەکەیان بەشدارن، گەنج و پیر لەنێو سرووشتێکی ناوازەدا کەیف دەکەن.
شۆرش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێیە و رێکخەری فێستیڤاڵەکەیە و باس لەوە دەکات، "ئامانجمانە سەرنجی بەرپرس و خەڵک رابکێشین کە ئێرە ناوچەیەکی گەشتیارییە و خەڵک ئاشنا بکەین بە کولتوورو فەرهەنگی ناوچەکەمان. توانای ئەسپسوارانیشیان نیشان بدەین."
رۆژێک لەنێو سرووشت پێکەوە، نەریتێکە و سێ ساڵی لەسەر یەکە خەڵکی وەرتێ لە رۆژێکی ناوەڕاستی بەهار دووبارەی دەکەنەوە،
ژیانی سەختی ساڵانی رابردوویان بە نەوەی ئێستا ئاشنا دەکەن.
نەزیرە عەلی، بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیە و باس لەوە دەکات، "ئێستا بۆ فێستیڤاڵ هاتووین پێشوتریش بۆ گیای بەهاری کەنگر، سلێرک و کەوش دەهاتین، ئێمە لێرە دروست بووینە و بەدوای ئاژەڵ و کەسابەتەوە بووین و ماڵمان لێرە بوو."
شاخڕەوی بۆ بەرزایی چیا، خوانی نێو سرووشت، نیشاندانی کاری دێرین، لەگەڵ گوێگرتن لە حەیران و بەستەی کوردەواری بینینی سوارچاکان، لە چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە بوون.
جوانترین جوڵە و نمایشی سەرنجڕاکێش بە ئەسپی رەسەنی ناوچەکە دەبێتە براوەی کێبركێکە.
رزگار جەلال، سەرۆکی گرووپی سوارچاکانی کارۆخە و دەڵێت، "ئەمساڵ بە 35 ئەسپسوار بەشداری ئەم فێستیڤاڵەمان کرد، 3 بڕگەمان هەیە بەشی پێشبرکێ، بەشی فێرکردن و بەشی وێرغە و جوانترین ئەسپیش خەڵاتی پێدەدرێت.
ئەنجامدانی فێستیڤاڵ بە ئامانجی ناساندنی دەڤەرەکە و راکێشانی سەرنجی گەشتیاران لەو ناوچەیە بووە بە کولتوور و ساڵ بۆ ساڵ بە خستنەناوی بڕگەی زیاتر قەرەباڵختر و فراوانتری دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ