رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
رووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 10ـی ئایاری 2025، لە سەر رێگەی نێوان کرماشان- ئیلام لە نزیک شارۆچکەی حمێل و لە شوێنێک کە دەکەوێتە بەرامبەر ئیمامزادە حەسەن روویداوە.
ئەفشین یگانە، سەرپەرشتیاری مانگی سووری کرماشان رایگەیاند، رووداوەکە بە هۆی پێکدادانی نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری سەمەند و پراید بووە.
ئەفشین یگانە گوتی، لە رووداوەکە هەشت کەس لە سەرنشینانی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
مەسعود قەلعەسفیدی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی کرماشانیش دەڵێت، تەرمی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، دوای دەرهێنانیان لە نێو پارچە ئاسنی ئۆتۆمبێلەکان، رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پۆلیس و دادپزیشکی کران و تاکە برینداری رووداوەکەش بە ئامبولانس بۆ نەخۆشخانەی شاری شائاباد (ئیسلامئاوای رۆژئاوا) گوێزرایەوە.
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدەدەن.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، واتە لە ماوەی ساڵێکدا 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
بە گوتەی محەممەد ئیسماعیل قیداری، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی بەهەشتی لە تاران، رووداوەکانی هاتووچۆ لە ئێران دوای نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، سێیەمین هۆکاری گیانلەدەستدانن لە ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ