رووداو دیجیتاڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگییان لە شوێنی راگیرانیان لە شاری سلێمانی کردووە و دۆخی ژیانیان لەوێ گونجاوە. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێ: "22 راگیراو ماون."
رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، تاڤگە عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە شاری سلێمانی سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگیمان کرد. لە نزیکەوە دۆخی مانەوە، شوێنی خەوتن و تەنانەت چێشتخانەکەشیانمان بینی؛ لە رووی مرۆییەوە هیچ کێشە و گرفتێکیان نەبوو."
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، تاڤگە عومەر ئاماژەی بەوە کرد، وەک دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونی کەیسەکە و گوتی: "ئێستا قۆناخی لێکۆڵینەوە تەواو بووە و دۆسیەکە چووەتە دادگەی تایبەتمەند کە دادگەی تاوانەکانی دووی سلێمانییە. بڕیارە رۆژی 14ـی ئەم مانگە (ئایار) دووبارە دادگە دابنیشێت و تیمی دەستەکەمان لە دادگاییکردنەکەدا ئامادە دەبن."
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی مافی مرۆڤ، جگە لە لاهوور و پۆڵاد شێخ جەنگی، هێشتا 20 کەسی دیکە لەسەر هەمان کەیس بە راگیراوی ماونەتەوە.
کێشەی یاسایی لاهوور شێخ جەنگی و براکانی بۆ شەوی 22ـی ئابی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ) دوای گەمارۆدانێکی سێ کاژێری و رووبەڕووبوونەوە، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی. لەو هێرشەدا لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە پاسەوان و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیرکران.
دواتر و لە رۆژی 12-01-2026، بۆ یەکەمجار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام لەو دانیشتنەدا دادوەر بڕیاری کۆتایی نەدا و رایگەیاند کە بۆ وردبینیی زیاتر، دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت، پێش ئەوەی دووبارە بگەڕێندرێتەوە بۆ دادگای تاوانەکانی سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ