رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێک دا گەڕانەوەی دیلە ئازادکراوەکانی هەسەدە دڵخۆشیی خستە نێو دەیان ماڵی شاری قامشلۆوە، بەڵام بەهۆی تەقەی خۆشیی بۆ پێشوازیکردن لەو دیلانە، 7 کەس بوونە قوربانی و گەنجێک بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەست دا.
بەشیر رەشید ئەحمەد، ئەو گەنجەی بەهۆی تەقەی خۆشییەوە لە رۆژی ئاهەنگی گەیشتنی دیلەکان دا ژیانی لەدەستدا؛ دایکی بەهۆی زۆریی گریانەوە دەنگی لێ بڕاوە و بارەکەی زۆر گرانە.
خەدیجە ئەحمەد، دایکی بەشیر، دەڵێت: "وەک ئەوە وایە جەرگ و دڵت بە زیندوویی لە جەستەت دەربهێنن و ئازارت بدەن؛ جەرگم سووتا، ئێمە هەموومان مردین."
بەشیر خاوەنی چوار خوشک و برایەک بوو . بوشرای خوشکی لەبارەی گیانلەدەستاندانی براکەی گوتی: "ئەو هاوڕێم بوو، نەک تەنیا برایەک. زۆر سەختە؛ هیوادارم دەنگم بگاتە هەموو کەسێک، تکایە واز لەم تەقەی خۆشییە بهێنن."
پووری بەشیریش ئارامی لێ بڕاوە و دوای دایکی، ئەویش جەرگی بۆ برازاکەی دەسوتێت. ئەو باس لەوە دەکات کە برازاکەی زاوا بووە و دەیانویست ئاهەنگی هاوسەرگیریی بۆ بکەن، بەڵام لە جیاتی ئەوە، ماتەم و پەژارە رووی لەماڵی براکەی کردووە.
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەیەکی تایبەت، تەنیا لە شەوی گەیشتنی چوارەم کاروانی دیلەکانی هەسەدە (HSD) کە لای حکومەتی دیمەشق بوون، 7 کەس بە برینداری گەیێندراونەتە نەخۆشخانە؛ بەشیر یەکێک بوو لەوان و فیشەکێک بەر سەری کەوتبوو.
دکتۆر عیماد رەسوڵ، پزیشکی بەشی فریاکەوتن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە زۆر حاڵەتی لەو شێوەیە دەبینین. ئەو شەوە 7 بریندارمان بۆ هات، یەکێکیان (بەشیر) گیانی لەدەستدا."
پێش ئەوەی گیان بسپێرێت، بەشیر 12 کاژێر لە ژووری چاودێریی ورد دا بێهۆش بوو، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە هۆشی نەهاتەوە و بۆ هەمیشە ماڵاوایی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ