رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەڤپەیڤینێکدا، پەردە لەسەر چەندین نهێنیی مێژوویی و سیاسی لادەدات. ئەو باسی سەرەتای دەستپێکردنی کارە سیاسییەکانی، دیدارەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد، شەڕی کۆبانێ و رۆڵی هێزە کوردییەکان و هاوپەیمانان لە تێکشکاندنی داعش دەکات.
مەزڵووم عەبدی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی تاوەکو ئێستا جلی سەربازی دەپۆشێت، گوتی: "سەرەتا بە جلوبەرگی مەدەنییەوە سیاسەتم کرد، بەڵام دواتر رووبەڕووی شەڕ بووینەوە. لە ساڵی 2012ـەوە تاوەکو ئێستا جلوبەرگی سەربازی دەپۆشم. هیوادارم چیدی رووبەڕووی شەڕ نەبینەوە و بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دەست بە سیاسەت بکەینەوە."
سەرەتای خەبات و دەستگیرکردنەکان
هەڤپەیڤینەکەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لەکاتی بەشداریکردنیدا بوو لە پۆدکاستی (بەکاتی دیمەشق) و ئاماژەی بەوە کرد، خەباتی سیاسیی ئەو بۆ سەردەمی خوێندن لە قۆناخی ئامادەیی لە حەلەب و لە ژێر سایەی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە.
ئەو گوتی: "لە قۆناخی زانکۆدا بەهۆی کارکردنم بۆ دۆزی کورد، 4 جار دەستگیر کرام. دواجار ناچار بووم سووریا جێبهێڵم و زانکۆم تەواو نەکرد، پاشان لە دەرەوەی وڵات چوومە بواری سەربازییەوە."
عەبدی باسی لەوە کرد، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی سووریا گەڕاوەتەوە و سەرەتا "تەڤدەم" و دواتر لە ساڵی 2012ـدا "یەپەگە"یان دامەزراندووە کە دواتر بووە هەسەدە. دەشڵێت: "سەرەتا لە دژی رژێم جەنگاین و دواتر دژی داعش، تاوەکو ئەمڕۆش لە بواری سەربازیدام."
پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و ئۆجەلان
مەزڵووم عەبدی دان بەوەدا دەنێت کە لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەشتاکاندا بەشدار بووە و لایەنگری ئەو حیزبە بووە.
دەڵێت: "ئەو کاتە تەنیا پارتی و بارزانییەکان لە باشوور و پەکەکە لە باکوور وەک مەرجەعی سیاسی و سەربازی هەبوون. پەیوەندیی باشم لەگەڵ سەرۆکی پەکەکە هەبوو؛ لە سەرەتای هەشتاکاندا سووریا لانکەی پەکەکە بوو و زۆربەی گەریلاکان لە رێگەی کۆبانێوە دەڕۆیشتن. لەگەڵ ئۆجەلان پەیوەندیی خێزانیمان هەبوو و ئەو ماوەیەک لە کۆبانێ لە ماڵی ئێمە مایەوە."
دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد و کێشەی "عەرەبچێتی"
لەبارەی گەڕانەوەی بۆ سووریا لە ساڵی 2011، عەبدی گوتی: ئامانجیان پاراستنی گەلی کورد بووە تاوەکو ئەزموونی تاڵی کۆمەڵکوژیی 2004 دووبارە نەبێتەوە.
ئەو ئاشکرای کرد: "دوو جار چاوم بە بەشار ئەسەد کەوت و ئامۆژگاریمان کرد رێگەچارەی سیاسی بگرێتە بەر. داوامان لێکرد ناوی (کۆماری عەرەبیی سووریا) بۆ (کۆماری سووریا) بگۆڕێت، بەڵام ئەو باسی عەرەبچێتی دەکرد وەک ناسنامەیەکی کۆکەرەوە بۆ هەمووان. ئێمە رەتمان کردەوە و پێمان راگەیاند کە هەرگیز ناتوانێت عەرەبچێتی بەسەر کورددا بسەپێنێت. نە لە سەرەتا و نە لە کۆتاییدا نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک."
ئازادکردنی کۆبانێ و عەفرین
مەزڵووم عەبدی وردەکاریی ئازادکردنی ناوچە کوردییەکان لە ساڵی 2012 دەگێڕێتەوە و دەڵێت، دوای ئەوەی وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی رژێم هەڕەشەی بۆردومانکردنی کۆبانێی کرد، ئەوان بڕیاریان دا ناوچەکە ئازاد بکەن. ئەو دەڵێت: "لە 18ـی تەممووزدا دەستمان بە هێرش کرد و تاوەکو بەرەبەیان کۆبانێمان کۆنترۆڵ کرد. یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکان ئەوە بوو کە خوێن نەرژا و سوپا خۆی رادەست کرد. هەموو بەرپرسانی رژێممان وەک میوان لای خۆمان هێشتەوە و دواتر رادەستی خێزانەکانیانمان کردنەوە نەک رژێم."
ئاماژەی بەوەش کرد، سەربازانی سوپای سووریا کاتێک دڵنیابوون ئەشکەنجە نادرێن و ناکوژرێن، بە هەزاران کەس خۆیان و چەکەکانیان رادەست دەکرد.
رووبەڕووبوونەوەی داعش و جەنگی کۆبانێ
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، یەکەم شکستی داعش لە سووریا و عێراق لە شوباتی 2014 لە شارۆچکەی جەزعە لە سەر دەستی ئەوان بووە.
سەبارەت بە گەمارۆی کۆبانێش، عەبدی ئاشکرای کرد: "داعش پەیامی بۆ ناردین کە بەیعەتیان پێ بدەین و ئەوان ئامادەن 'ویلایەتێکی کوردی' رابگەیێنن و رێگە بدەن بە کوردی قسە بکەین، بەڵام ئێمە رەتمان کردەوە. دوای ئەوە لە چوار قۆڵەوە هێرشیان کردە سەرمان."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەنگی کۆبانێ بە "سەختترین و قورسترین جەنگ" وەسف دەکات و دەڵێت: "ئەو کاتە هاوپەیمانان نەبوون و پشتیوانیی ئاسمانیمان نەبوو. ناچار بووین هەزاران شەڕڤان لە جەزیرە و عەفرینەوە بنێرین. دواتر داوای هاوکاریمان کرد؛ پێشمەرگە بە سوپاسەوە لە باکووری عێراقەوە هاتن و هێزەکانی پەکەکەش بەشدار بوون. شەڕی کۆبانێ بووە بابەتێکی نەتەوەیی کوردیی زۆر گەورە دژی داعش."
رۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
سەبارەت بە دەستپێکی هاوکارییەکانی ئەمریکا، عەبدی گوتی: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرەتا دەترسان و ئامادە نەبوون بێبەرامبەر هاوکاریمان بکەن. دەیانگوت تەنیا بۆ رزگارکردنی خەڵکی سڤیل دێینە پێشەوە. پەیوەندییەکانمان لە رێگەی سلێمانی و باکووری عێراقەوە بوو. کاتێک بینییان ئێمە پاشەکشە ناکەین و تاوەکو دوا گەڕەک دەجەنگین، پشتیوانییەکانیان زیاد کرد. دواتر یەپەگە بووە یەکەم هێز کە بە پشتیوانیی هاوپەیمانان ناوچەکانی لە داعش پاک کردەوە، لە کاتێکدا لە عێراق شارە گەورەکان دەکەوتنە دەست داعش."
مەزڵووم عەبدی لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە چیرۆکی سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە کۆبانێوە دەستی پێکرد و لە دێرەزوور کۆتایی پێهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ