سوودانى سەردانى کەرکووک دەکات

10-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکى فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک رایدەگەیێنێت، محەممەد شیاع سوودانى سەردانی کەرکووک دەکات و لەگەڵ سەرۆکى فراکسیۆنەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگا لەبارەى دۆخى دواى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کۆدەبێتەوە.   
 
ئەحمەد رەمزى کۆپرلو، ئەندامى ئەنجوومەنى پاێزگاى کەرکووکە لە لیستى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: محەممەد شیاع سوودانى لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد سەمعان، سەرۆکى بەرەى تورکمانی هەواڵی سەردانەکەی پێڕاگەیاندووە.
 
رۆژی 10ـی ئابى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درایە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درایە عەرەب.
 
فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو (2 ئەندام)، فراکسیۆنى پارتى (2 ئەندام)، فراکسیۆنى عرووبە (2 ئەندام) بایکۆتى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک و کۆوبونەوەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکیان کردووە.
 
ئەحمەد رەمزى کۆپرلو ئاماژەی بەوە کرد، "سەردانەکە بۆ چارەسەرى ئەو کێشانەیە لە کەرکووک بەهۆى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی دروست بوون، بەڵام سرووشتى ئەو دەشتپێشخەرییە دیار نییە کە سەرۆکوەزیران لەو کۆبوونەوانەدا دەیخاتەڕوو". 
 
تاوەکو ئێستا ئەو فراکسیۆنانەى بایکۆتى حکومەتى خۆجێیی کەرکووکیان کردووە، بەشداریی کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگایان نەکردووە. 
 
لەبارەی رۆژی سەردانەکەش، سوودانی هیچ کاتێکی دیاریکراوی بە ئەحمەد سەمعان نەگوتووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە "لە نزیکترین کاتدا" دەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە