رووداو دیجیتاڵ
دوای تەواوکردنی هێڵێکی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، بۆ یەکەم جار وەکو تاقیکردنەوە ئاو گەیشتە بۆرییەکان. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، دوای شوشتنی بۆرییەکان دڵنیابوونەوە لە نەبوونی کێشە، ئاو دەگاتە ماڵان.
ئەندازیار هێمن نەزیف، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەکانی هێڵێکی پڕۆژەکە تەواو بووە و ئێستا لە تاقیکردنەوەدایە و ئاوی تێکراوە".
ئاوی هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە دەگاتە گەڕەکەکانی هەشتی حەسارۆک، بنەسڵاوە، دارەتوو، قەتەوی، باغولمنارە و ژیان. بەگشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانیی چوار، پێنج و شەش ئاویان پێدەگات.
ئەندازیار هێمن نەزیف گوتی: "بەشێکی بۆرییەکان تاقیکردنەوەی ئاویان تەواو بووە و بەشێکی ماوە، تاقیکردنەوەکەش بەجۆرێکە ئاو دەکرێتە بۆرییەکە و خاوێن دەکرێتەوە و ئەو ئاوە فڕێدەدرێت و ناگاتەماڵەکان".
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە لەبارەی کاتی گەیشتنی ئاو بە ماڵان گوتی: "لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا ئاوی خاوێنی پڕۆژەکە دەگاتە ماڵان".
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتایی بێت. هێمن نەزیف گوتی: "بڕیارە کۆتایی ئەم ساڵ پڕۆژەکە بەگشتی تەواو ببێت".
پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێت.
بەشێکی هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ دروست دەبێت. بۆ بنبڕکردنی کێشەکە، 08-09-2024، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان بهردی بناخهی پڕۆژهی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێری دانا.
ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، زۆرینەی بیرەکان دابخرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ