رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دەنگدانی ئەزموونی بۆ هەڵبژاردنی عێراق لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بەپێی ئاماری بەرپرسانی بازنەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک، "زیاتر لە سێ ملیۆن و 75 هەزار کەس دەتوانن دەنگ بدەن."
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت. ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یەکەمین تاقیکردنەوەی ئەزموونی لە هەزار و 79 وێستگەی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
دوێنێ شەممە، کۆمیسیۆن تیروپشکی بۆ ژمارەی لیست و هاوپەیمانییەتی و پارت و بەربژێرانی تاک و کۆتاکان کرد و گوتی: "یەک کورسی نوێنەرایەتیی 100 هەزار کەس دەکات."
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەنگدانی ئەزموونی لە پارێزگای هەولێر زۆر بە باشی لە 56 وێستگەی دەنگدان بەڕێوە چوو، کە دووانیان تایبەت بوون و ئەوانی دیکە گشتی. هەروەها هەموو کێشەکانی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەر کراون."
"لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 90 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە"
لە پارێزگای هەولێر، ملیۆنێک و 410 هەزار کەس لە تەمەنی دەنگدان دان. سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن دەڵێت: "لەم ژمارەیە ملیۆنێک و 90 هەزار کەس کارتی بایۆمەترییان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن، ئەوانی دیکە مافی دەنگدانیان سووتاوە."
لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 15 هەزار کارمەند بۆ سەر سندووقی دەنگدان پێویستن. بە گوتەی مەروان محەممەد، نزیکەی 43 هەزار فۆڕمی ئەلیکترۆنی پڕ کراونەتەوە، بەڵام تەنیا 36 هەزاریان فۆڕمەکەیان گەڕاندووەتەوە و پێویستە هەموویان بیگەڕێننەوە تاوەکو تیروپشکیان بۆ بکرێت.
"کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگداندا کراون"
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا مەرەکەب بەکارناهێنرێت، "دوای دەنگدان پەنجەمۆر بە ئەلیکترۆنی دەبێت."
ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا پێویست بوو دەنگدەر دوای دەنگدان پەنجەی بخاتە نێو مەرەکەبەوە. مەروان محەممەد گوتی، راستاندن بۆ ناسنامەی دەنگدەر لە رێگەی سێ پەنجەمۆرەوە دەکرێت کە بریتین لە: پەنجەمۆری زیندووی دەنگدەر، ئەو پەنجەمۆرەی لەنێو کارتی بایۆمەتریدا هەیە و ئەو پەنجەمۆرەی کە لە ئامێرەکەدا هەڵگیراون.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، ژمارەیەک لایەنی سیاسی گلەیییان لە ئەنجامی پڕۆسەکە هەبوو و دەیانگوت "دەستکاری"ی دەنگەکان کراوە. سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن گوتی: "هیچ لایەنێک نەیتوانیوە بیسەلمێنێت کە ئەو ئامێرانە دەستکاری کراون، بەڵام ئێمە لەڕووی تەکنیکییەوە، کۆمەڵێک گۆڕانکاریمان لە ئامێرەکاندا کردووە."
خالید عەباس، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دەنگدانی ئەزموونی لە 43 وێستگە بەڕێوە چوو، کە یەکیان بۆ دەنگدانی تایبەت بوو؛ هەموو شێوازەکانی دەنگدان بە کامێراشەوە تاقیکرانەوە و هیچ کێشەیەکیان نەبوو."
لەبارەی بەربژێرەکانەوە خالید عەباس گوتی: "تاوەکو ئێستا لیستی ناوی بەربژێرەکان لەلایەن دەستەی دەستپاکی و پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە یەکلایی نەبووەتەوە، دوای ئەوەی یەکلایی کرایەوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پەسەندی دەکات. بانگەشەی هەڵبژاردن لە مانگی 10ی ئەم ساڵ دەستپێدەکات تاوەکو 8ی تشرینی دووەمی 2025."
مەرجەکانی بوون بە کارمەندی سەر سندووق چین؟
لە پارێزگای دهۆک، 945 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆن رایگەیاند: "لەو ژمارەیە، 785 هەزار کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە."
10 هەزار کارمەند بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان لە پارێزگای دهۆک پێویستن. لەوبارەیەوە خالید عەباس گوتی: "زیاتر لە 30 هەزار کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، بەڵام 26 هەزاریان فۆڕمیان گەڕاندووەتەوە، تیروپشکیان بۆ دەکرێت و پێویستە ئەو کەسانە چەند مەرجێکیان تێدا بێت؛ لەدایکبووی 2006 و بەرەو سەر تاوەکو تەمەنی 55 ساڵان دەگرێتەوە، نابێت کەسوکاری پلە یەک و دووی بەربژێران بن، پێشتر بە هیچ هۆکارێک لە کۆمیسیۆن دەرنەکرابن و کارتی دەنگدانیان هەبێت."
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "ئامانج لە تاقیکردنەوەی دەنگدانی ئەمڕۆ، دەستنیشانکردنی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی پرۆسەکە و راهێنانی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدانە."
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوە چوو، ژمارەیەک دەنگدەر گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەبوو. ئامانج عەزیز ئاماژەی بەوە کرد: "لەم هەڵبژاردنەدا، لە رێگەی زیادکردنی کامێرایەک بۆ ئامێری بەراوردکاری، گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەر کراوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆن، ئەوانەی لەکاتی پرۆسەی بایۆمەتریدا پەنجەمۆریان نەیخوێندووەتەوە، لە رۆژی هەڵبژاردندا لە رێگەی وێنەیەکی بایۆمەترییەوە بەشداریی دەنگدان دەکەن.
بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن، لە هەر وێستگەیەک تەنیا رێگە بە 5%ـی دەنگدەران دەدرێت بەبێ خوێندنەوەی پەنجەمۆر دەنگ بدەن. وەکو ئامانج عەزیز دەڵێت: "بۆ ئەو دەنگدەرانەش کە لە رۆژی بایۆمەتریدا پەنجەمۆریان کێشەی نەبووە، بەڵام رۆژی دەنگدان ئامێرەکە نایخوێنێتەوە، پەنا دەبرێتە بەر وێنەیەکی بایۆمەتریی دەنگدەرەکە و دواتر لەسەر پشکی 5%ەکە هەژمار دەکرێت و بەشداریی پێدەکرێت."
هەرێمی کوردستان لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێکدێت و هەڵەبجە نەکراوەتە بازنەیەکی سەربەخۆ. بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆن، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی وەرگرتنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین رایگەیاند، 78.4%ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە، دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ملیۆنێک و 532 هەزار کەس مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنیان هەیە، "زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزاریان بایۆمەتریان کردووە و زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزاریشیان کارتی بایۆمەترییەکانیان وەرگرتووەتەوە."
تاوەکو ئێستا کارتی بایۆمەتریی 115 هەزار دەنگدەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابەش نەکراونەتەوە. ئامانج عەزیز گوتی: "ئەو ژمارەیە ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت کە بنکەی دەنگدانیان گۆڕیوە، راستکردنەوەیان کردووە، یان لەدایکبووانی ساڵی 2007ـن. ئێستا چاوەڕێین کارتەکانیان چاپ بکرێن و رادەستیان بکەینەوە."
بازنەکانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی کورسییەکانیان بەمجۆرەیە:
- هەولێر: 15 کورسی + کورسییەک بۆ پێکهاتەکان
- سلێمانی: 17 کورسی
- دهۆک: 11 کورسی + کورسییەک بۆ پێکهاتەکان
لە پارێزگای هەولێر 109 بەربژێر هەن:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 30 بەربژێر
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 30 بەربژێر
هاوپەیمانیی هەڵوێست: 12 بەربژێر
نەوەی نوێ: 8 بەربژێر
بەرەی تورکمانی: 5 بەربژێر
بەرەی گەل: 4 بەربژێر
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 4 بەربژێر
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 5 بەربژێر
لیستی سۆسیالیست: چوار بەربژێر
بەربژێرانی کریستیان: 5
2 بەربژێری سەربەخۆ
لە پارێزگای دهۆک 55 بەربژێر هەن:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 22 بەربژێر
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 5 بەربژێر
هاوپەیمانیی هەڵوێست: 4 بەربژێر
بزووتنەوەی نەوەی نوێ: 4 بەربژێر
بەرەی گەل: 5 بەربژێر
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 4 بەربژێر
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 4 بەربژێر
بەربژێرانی کریستیان: 4
1 بەربژێری سەربەخۆ
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان پڕکردووەتەوە و دەتوانن دەنگبدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ