سەباح هەورامی: سلێمانی لە بودجەی دەرمان و نەبوونی دەرمان هەژارترین پارێزگەیە

10-09-2022
گۆڤەند مستەفا
دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی
دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، سلێمانی هەژارترین پارێزگەیە لە بودجە و نەبوونی دەرمان؛ ئاماژە بەوەش دەدات کە تاوەکو ئێستاش کێشەی گەورەی دەرمان لە پارێزگەکەدا هەیە.
 
رۆژی شەممە 10-09-2022، سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ سەندیکای دەرمانسازانی عێراق کۆنفرانسی دەرمانسازییان لە پارێزگای سلێمانی رێکخست. لە میانی بەڕێوەچوونی دیدارەکەدا دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پارێزگای سلێمانی بە "هەژارترین پارێزگە لە بودجەی دەرمان و نەبوونی دەرمان" پێناسەکرد.
 
بە گوتەی دکتۆر سەباح هەورامی، "دەرمان کێشەیەکی زۆر گەورەیە لەسەر ئاستی عێراق و جیهان؛ لە پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان کێشەکە زۆر روونترە. بەستنی ئەم کۆنفراسە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکە بۆ ئەو کێشانەی لە بابەتی دەماندا هەیە، چ لە هاوردەکردنی دەرمان، چ لە هێنانە ژوورەوەی، چ کوالێتییەکەی و چ لە فرۆشتنیدا." 
 
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: "گومانێکی زۆر لە سەرچاوەکانی هێنانی دەرمان هەیە؛ خۆشمان گومانمان لە سەرچاوەی هێنانی دەرمان هەیە. ئەو دەرمانانەی کە دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان، بەشێکیان لە رێگەی قاچاخەوە هاوردە دەکرێن. هەموو دەرمانەکان لەکاتی هێنانە ژوورەوەیان بە رێکاری یاسایی خۆیاندا ناڕۆن." 
 
دکتۆر سەباح هەورامی پێیوایە، ئەو دەرمانانەی دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان "بەشێکیان لە دەرەوەی دەرمانخانەکان دەفرۆشرێن؛ بەشێکیان بەشێوەیەکی نازانستی دەگوازرێنەوە؛ بەشێکیان بە نرخی جیاواز دەفرۆشرێن؛ بەشێکیان لەو شوێنانە دەفرۆشرێن کە دەرمانسازی لێ نییە؛ بەداخەوە بەشێکی زۆریان بەهۆی رێککەوتنی پزیشکان و دەرمانخانەکانەوە بەسەر نەخۆشدا ساخ دەکرێنەوە." 
 
سەباح هەورامی هیوای خواست بڕیار و راسپاردەکانی ئەو کۆنفرانسە "لەو ئاستەدا بن کە هەموو ئەو سەرچاوانەی دەرمان دەهێندرێنە ژوورەوە، زانراوبن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ بە هیچ شێوەیەک دەرمان لە سنوورەکان و رێگە قاچاخەکانەوە نەهێندرێتە ژوورەوە و بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت رێککەوتن لەنێوان پزیشک و دەرمانخانەکان بکرێت؛ هیوادارم دەرمانخانەکانیش پابەندبن بەو رێنوێنیانەی کە سەندیکای دەرمانسازان دایناوە."  
 
سەبارەت بە کێشەی دەرمان لە پارێزگەکە، دکتۆر سەباح هەورامی گوتی: "بڕیاربوو ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی بودجەیەکی تایبەت بە دەرمان دابنێن و ئەو بودجەیە لەسەر داهاتی ناوخۆ نەبێت و بڕیارەکەش دەرچووە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە؛ هەرچەندە لەسەر ئاستی لۆکاڵی سلێمانی، بەشێک لە کێشەکانی دەرمان چارەسەرکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش کێشەی گەورەی دەرمان هەیە." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی.

ئەمڕۆ دوایین رۆژ بوو بۆ کۆنفرانسی گۆڕان؛ کەی دەیکەن؟

هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆی وەکو دواکات بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکردبوو کۆنفرانسی گشتیی بکات، بەڵام بزووتنەوەکە کۆنفرانس ناکات. بەرپرسێکیان دەڵێت: "سەرەتای ساڵی نوێ کۆنفرانسی یەکلاکەرەوە دەکرێ".