گۆڕانکاری لە حەوت پۆستی ئەمنیی خورماتوو کرا؛ تاکە پۆستی کورد درایە عەرەب

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق گۆڕانکاری لە حەوت پۆستی ئەمنیی قەزای خورماتوو دەکات، پێش گۆڕانکارییەکان تەنیا یەک پۆست بەدەست کوردەوە بوو، ئەویش درایە عەرەب.
 
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گۆڕانکاری لە حەوت پۆستی ئەمنیی سنووری قەزای خورماتوو کراوە، کە یەکێکیان بەدەست کوردەوە بووە و لێی وەرگیراوەتەوە."
 
عەمید خالید وەلید کە کورد بوو، بەڕێوەبەری هۆبەی پاراستنی دامودەزگا حکومییەکان بووە لە پۆلیسی خورماتوو، پۆستەکەی لێ وەرگیراوەتەوە و دراوە بە کەسێکی عەرەب. کاوە شێخانی گوتی: "یەکێک لە هۆکارەکانی لەدەستدانی ئەو پۆستە ئەوە بووە کە هیچ ئەفسەرێکی کورد لە خورماتوو نەبووە پۆستەکە وەربگرێت و زۆرینەیان لە کەرکووک و پارێزگاکانی دیکە لە ئەرکدان."
 
ئەو گۆڕانکارییانە لەدوای ئەوە هات، 3ی کانوونی دووەمی 2025، لیژنەی لێکۆڵینەوەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ رایگەیاند، ئەو هێرشە لە رۆژهەڵاتی خورماتووەوە کراوە و یەکێک لە راسپاردەکانی ئەوە بوو کە جێگۆڕکێ و گۆڕانکاری بکرێت لە هێزە ئەمنییەکانی ئەو سنوورە، بەڵام کاوە شێخانی بەدووری دەزانێت ئەو گۆڕانکارییانە پەیوەندیی بەو هێرشەی سەر کۆرمۆرەوە هەبێت.
 
گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنییەکان لە پارێزگاکان دا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەکرێت کە لەژێر فەرمانی ئەو وەزارەتەدان.
 
یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گۆڕانکاریی پۆستە ئەمنییەکان جگە لە خورماتوو، قەزای ئامرلیشی گرتووەتەوە و بڕیارەکان پەیوەندییان بە حکومەتی خۆجێیی سەلاحەدینەوە نییە و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرکراون."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە