رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، پێنوێنی کواڵیتیی هەوای شارەکانی ورمێ و مەهاباد بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستی "ناتەندروست"، بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات وریا بن.
سەعید موسەوی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی هەینی، 26-12-2025 رایگەیاند، رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانی هەوا لە هەردوو شاری ورمێ و مەهاباد بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
بە گوتەی سەعید موسەوی، ئێستا پێنوێنیی کواڵێتیی هەوا (AQI) لە شاری ورمێ 104 و لە مەهاباد 140 پلەیە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی ورمێ دەڵێت، بەو پێیە دۆخەکە بۆ گرووپە هەستیارەکان "ناتەندروستە"، کە بریتین لە منداڵان، بەساڵاچووان، ژنانی دووگیان و ئەو کەسانەی نەخۆشیی دڵ، سییەکان و نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە.
بەرپرسەکەی ژینگەی ورمێ هۆشداری دەداتە ئەو گرووپانە کە تەنیا لە کاتی "زۆر پێویست"ـدا نەبێت، نەچنە دەرەوە و داواش لە وەرزشڤانان دەکات، لەم کەشوهەوایەدا لە دەرەوە وەرزش نەکەن.
پیسبوونی هەوا لە ورمێ بووەتە گرفتێکی بەردەوام؛ تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوودا بەهۆی پیسبوونی هەواوە، چەندینجار دەوامی قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگاکە کراوەتە پشوو.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، پار 58 هەزار و 975 کەس لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانییەوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ