شاندێکی ئیمارات بە سەرۆکایەتیی نێردەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان گەیشتە هەولێر

10-09-2025
سیروان عەباس
 پێشوازیی لە شاندە ئیماراتییەکە لەلایەن سەفینه دزەیی و ئومێد خۆشناو لە فڕۆکەخانەی هەولێر
پێشوازیی لە شاندە ئیماراتییەکە لەلایەن سەفینه دزەیی و ئومێد خۆشناو لە فڕۆکەخانەی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی گەیشتە هەولێر و هاوکات شاندێکی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستانیش گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، کاژێر 10:00ی بەیانی، شاندێکی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆکایەتیی سەعید موبارەک ئەلهاجری، وەزیری دەوڵەت و نێردەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ کاروباری تایبەت بە هەرێمی کوردستان، گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانە لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی درەوەی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازییان لێکرا.
 
سەردانی شاندەکەی ئیمارات، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولایە. 
 
دەستنیشانکردنی نێردەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ کاروباری هەرێمی کوردستان چۆن بوو؟
 
رۆژی 08.04.2025، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سەردانی ئیماراتی کرد و بەشداریی لووتكه‌ى ساڵانه‌ى وه‌به‌رهێنانی له‌ ئه‌بووزه‌بى کرد و لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیماراتیش کۆبووەوە.
 
ئەوکات نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "ئیمارات زۆر بە جیدی و دڵسۆزییەوە هەوڵ دەدات رێگەی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا خەریكن یان لەوانەیە لە ماوەیەكی كورتدا یەكێک دەستنیشان بكەن، نێردەی تایبەتیی خۆیان بۆ وەبەرهێنان تایبەت بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمەش هەنگاوێكی زۆر گەورەیە بەرەوپێشەوە، ئێستا كاری لەسەر دەكەن وەک بیرۆكە، لەوانەیە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا بە شێوەیەكی فەرمی رابگەیێنرێت."
 
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئەم هەنگاوەی ئیمارات، نیشانەیەكی گەورەیە كە ئیمارات دەیەوێت وەبەرهێنان لە كوردستان و لە رێگەی كوردستانیشەوە لە هەموو عێراق بكات. ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان ئیمارات و عێراق بە شێوەیەكی گشتی نزیکەی 30 ملیار دۆلارە بە هەموویەوە، بەشێکیش لەو 30 ملیار دۆلارە لەگەڵ هەرێمی كوردستانە، بەڵام خواستی ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە ئەم كارەی ئەمڕۆ كە ئێوەش تەشریفتان هێناوە و دەستەی وەبەرهێنان رێكیخستووە بۆ ئیماراتیش نیشانەی ئەوەیە كە دەتانەوێ وەبەرهێنەری ئیماراتی زیاتر بێن بۆ كوردستان و وەبەرهێنان بكەن."
 
چوونی شاندی وەبەرهێنەرانی کوردستان بۆ ئیمارات
 
هەر ئەمڕۆ، شاندێكی دەستەی وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان گەیشتە ئیمارات، سەرچاوەیەک لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، ئامانجی سەردانەکە هاندانی ئیماراتییەکانە بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستا‌ن.
 
ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەى زۆرترین وەبەرهێنانى لە هەرێمى کوردستان کردووە. 150 کۆمپانیاى ئیماراتى لە هەرێمى کوردستان هەن، لە بوارەکانی نەوت و گاز و کشتوکاڵەوە کاردەکەن.
 
هەرێمی کوردستان دەیەوێت سوود لە ئەزموونی ئیمارات ببینێت کە ساڵانە زیاتر لە 14 ملیۆن گەشتیار سەردانی دەکەن.
 
ئەو 7 میرنشینەی لە ساڵی 1971 بەناوی میرنشینە عەربییە یەکگرتووەکان یەکیان گرت؛ دوای 52 ساڵ، بۆ یەکێک لە قەرەباڵخترین وڵاتەکانی جیهان گۆڕدراوە. بە رووبەرە 82 هەزار کیلۆمەتر دووجاکەی و کەمێک سەرووی ملیۆنێك لە دانیشتووانە رەسەنەکانی؛ لە پلە یەکەمەکانی جیهان دێت لە رووی باشی و تۆکمەی دامەزراوە گەشتیارەکانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.