رووداو دیجیتاڵ
بەردی بناخەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئاوی گەڕەکێکی قەزای کەلار دانرا. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەڵێت، یەک ملیار و 172 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تەرخان کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-11-2025 بە ئامادەبوونی جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بەردی بناخەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ئاوی گەڕەکی راپەڕینی کەلار دانرا.
جەلال شێخ نووری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پڕۆژەکە لەسەر داخوازیی خەڵک دەکرێت، ''چونکە تۆڕی ئاوی گەڕەکەکە کۆن بوو و بەردەوام تووشی پیسبوون و شکان دەبوو.''
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، گوژمەی یەک ملیار و 172 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخان کراوە.
بڕیارە کۆمپانیای جێبەجێکار لە 390 رۆژدا پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ئاوی گەڕەکی راپەڕین لە کەلار جێبەجێ بکات.
بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی زیاتر لە 30 هەزار هاوبەشی کەلار لە 32 گەڕەک پشت بە دوو سەرچاوەی ئاو دەبەسترێت. بە پلەی یەکەم، ئاوی سەر زەوی کە لە رێگەی پاڵاوگەی ئاوی کەلار لە رووباری سیروانەوە ئاو بۆ زۆرینەی دانیشتووانی شارەکە دابین دەکات. بە پلەی دووەمیش ئاوی ژێرزەوی و بیرەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ