شارەوانیی سۆران: چوار هەزار و 300 پارچە زەوی ئامادەن بۆ دابەشکردن، بەڵام کێشەی موڵکدارییان هەیە

10-11-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی سۆران رایگەیاند، ئەم ساڵ 25 پرۆژەی خزمەتگوزارییان بەگوژمەی 21 ملیار دینار خستووەتە واری جێبەجێکردنەوە. دەشڵێت، زیاتر لە چوار هەزار پارچە زەوییان بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا ئامادەیە، بەڵام گرفتی موڵکدارییان هەیە.
 
25 پرۆژەی خزمەتگوزاریی بە 21 ملیار دینار
 
بژار سەعید، سەرۆکی شارەوانیی سۆران میوانی بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو بوو و رایگەیاند، ئەم ساڵ 25 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنووری شارەوانیی سۆران خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە. ئەم پڕۆژانە بریتین لە رێگاوبان، ئاوەڕۆ و رێکخستنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ. کۆی گشتیی تێچووی ئەم پڕۆژانە 21 ملیار دینار بووە و لەسەر بودجەی ئیدارەی سۆران دابین کراوە، جگە لەوانەش، 11 پڕۆژەی دروستکردنی باخچە لە نێو گەڕەکەکاندا لەسەر داهاتی شارەوانی خۆیان جێبەجێ کراون.
 
بژار سەعید ئەوەشی گوت، لە کۆی 44 گەڕەکی سنووری شارەوانیی سۆران، زۆربەی هەرە زۆریان خزمەتگوزاریی سەرەتاییان پێگەیشتووە. بۆ گەڕەکە نوێیەکانیش خزمەتگوزاریی خێرا دابین کراوە، وەک تێکەڵەڕێژکردن.
 
سەبارەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو گەڕەکانەی کە پێشتر گوندبوون و ئێستا کەوتوونەتە نێو سنووری شارەوانییەوە و بوون بە گەڕەک، سەرۆکی شارەوانیی سۆران دەڵیت، ئەو گوندانەی ئێستا خراونەتە سەر سنووری شارەوانی و بوونەتە گەڕەک، پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ جێبەجێ کراوە، لەوانە گوندەکانی بادلیان، دێڵزیان و باپشتیان. هەرچەندە لە گوندی کەورین پڕۆژە هەبووە، بەڵام بەهۆی کێشەی بەڵێندەرەوە، کاری تێدا راگیراوە.
 
کاریگەریی قەیرانی دارایی و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان
 
سەرۆکی شارەوانیی سۆران باسی لەوەشکرد، قەیرانی دارایی کاریگەریی گەورەی لەسەر کارەکانیان هەبووە. "زۆربەی ئەو 25 پڕۆژەیە، پڕۆژەی ساڵی پار بوون و بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوون، بەڵام ئێستا بە هەوڵی سەرۆکی حکومەت، پڕۆژەکان دەستیان پێکردووەتەوە و هەوڵ دەدەین خزمەت بە هاووڵاتییان بگەیێنین".
 
پڕۆژەی کارگەی ریسایکلین لە سۆران
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی زبڵ و خاشاک، سەرۆکی شارەوانیی سۆران رایگەیاند، پڕۆژەی ریسایکلین پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و شوێنی بۆ دەستنیشان کراوە. ئێستا لە قۆناخی دروستکردنی رێگادان بۆ پڕۆژەکە و چاوەڕێی گەیشتنی بەڵێندەرن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم کە دروستکردنی کارگەکەیە.
 
4300  پارچە زەوی ئامادەیە، بەڵام کێشەی موڵکداری هەیە
 
لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، بژار سەعید، شەرۆکی شاروانیی سۆران روونیکردەوە، شەش زۆنیان دیارکردووە بۆ ئەوەی دابەشی بکەن، کە زیاتر لە 5000 پارچە زەوی پێکدەهێنێت و گوتی "ئێستا نزیکەی 4300 پارچە زەوی ئامادەیە بۆ دابەشکردن، بەڵام کێشەی موڵکداری لەسەرە، بەتایبەتی بەهۆی بوونی باخ لەسەر ئەو زەوییانە". 
 
سەرۆکی شارەوانیی سۆران جەختی لەوەکردەوە، تاوەکو کێشەی موڵکداری چارەسەر نەبێت، ناتوانن زەوییەکان دابەش بکەن و لەگەڵ ئیدارەی سۆران لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە