رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کەلار منداڵێک کەوتووەتە نێو ئاوی لافاو وخنکاوە.
چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ئەنجامی بارانبارین، لافاو لە قەزای کەلار دروست بووە؛ بەوهۆیەوە منداڵێک کەوتە نێو ئاو و گیانی لەدەستدا."
منداڵەکە لەسەر پردێک بووە و قاچی خلیسکاوە و کەوتوەتە نێو ئاوی لافاوەوە.
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە چەندین ناوچە لافاو دروستبوون.
لافاو زیانێکی زۆری بە ژێرخانی چەمچەماڵ گەیاند و لە دوێنێوە لە تەواوی ئەو ناوچانەی لافاویان تێدا دروستبووە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 17ـی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ کەشی هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەتەوە و کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەگوێرەی وێنەی مانگە دەستکردەکان، ئێستا ئاسمان بەگشتی هەورە و شەپۆلی بارانبارین لەسەر ناوچەکەمان لاواز بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ