لە تەقتەق دەیان هەزار ماسی لەنێوچوون؛ زیانی لافاو بە 20 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هۆرڤان رەفعەت
دیمەنی زیانی حەوزەکانی ماسی لە تەقتەق
دیمەنی زیانی حەوزەکانی ماسی لە تەقتەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە قەزای تەقتەقی سەر بە پارێزگای هەولێر کە زۆرترین حەوزی ماسیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لێیە، لافاو زیانێکی زۆری بە کەرتی بەخێوکردنی ماسی گەیاندووە. بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 500 حەوزی ماسی زیانیان بەرکەوتووە یان بەتەواوی تەقیون.
 
شەماڵ جەمیل، خەڵکی گوندی مەلا زیادەیە و یەکێکە لەو کەسانەی حەوزی ماسییەکەی لە چەند لایەکەوە تەقیوە. شەماڵ لەناو ئاوی لیخن و قوڕاوی حەوزە وێرانبووەکەیدا دەگەڕێت، بەڵکو ماسییەکی زیندوو بدۆزێتەوە.
 
شەماڵ پێنج هەزار ماسی خستبووە ناو حەوزەکەیەوە، بەڵام بەهۆی لافاوەکەی ئێوارەی سێشەممەوە حەوزەکەی تەقیوە و زۆربەی ماسییەکانی لەناوچوون؛ دوای گەڕانێکی زۆر، تەنیا یەک ماسی بە زیندوویی دۆزییەوە.
 
جگە لە حەوزەکەی شەماڵ، لە سنووری قەزای تەقتەق نزیکەی 500 حەوزی دیکەی بەخێوکردنی ماسی بەهۆی لافاوەکەوە تەقیون، زۆربەی ماسییەکانیان یان لەناوچوون، یان کەوتوونەتە ژێر قوڕ و لم.
 
شەماڵ جەمیل، خاوەن حەوزی ماسی بە رووداوی گوت: "دوێنێ بارانێکی زۆر باری، ئێمە خۆمان لێرە بووین، لە گوندەکانی سەرووی ئێمەوە تەلەفۆنیان کرد و گوتیان ئاو زۆر بەرز بووەتەوە و لافاو دێت، بەڵام پێشبینیمان نەدەکرد ئەوەندە زوو بگات، تا ئاوڕمان دایەوە لافاو گەیشتە سەرمان و حەوزەکەی داگرت."
 
قەزای تەقتەق (90 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی هەولێر)، زۆرترین حەوزی ماسیی تێدایە لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستان کە زۆربەی حەوزەکان لەسەر کەناری زێی بچووک دروستکراون. هەر حەوزێک لەو حەوزە تەقیو و وێرانبووانە، سێ تاوەکو 10 هەزار ماسی تێدابووە.
 
رەئوف کاوێز، خاوەن حەوزی ماسی بە رووداوی گوت: "لەناو ئەم حەوزەی مندا هەشت هەزار ماسی هەبوو، زۆربەی لەناوچووە و مردووە، ئەوەشی نەمردووە قوڕ چووەتە ناو قوڕگ و گوێی و هەر بە مردوو هەژمار دەکرێت."
 
عەبدولقادر مەلا زیاد، کە ئەویش خاوەنی حەوزی ماسییە و زیانی بەرکەوتووە، بۆ رووداو دوا و گوتی: "ئێمە لەناو حەوزەکان بووین تاوەکو رێڕۆی ماسییەکان بگۆڕین و رزگاریان بکەین، لەپڕ منداڵێکمان هاواری کرد و گوتی لافاو هات. ئاوەکە لە خوارەوە بۆمان هات و فڕێیداینە خوارەوە، من بە جلەکانی خۆمەوە کەوتمە ناوی و ئەگەر کاک سەنگەری دراوسێمان نەبووایە، دەخنکام."
 
رێباز رەئوف، خاوەن حەوزێکی دیکەیە و داوای بەهاناوەچوون دەکات: "داواکارم لە کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریمان بکات، بەڕاستی لە توانای ئێمەدا نییە ئەو زیانە پڕبکەینەوە. سوێند بە خوا 50 هەزار دینار لە ماڵەکەمدا نییە، بەڵام لەسەر ئەم حەوزە 75 ملیۆن دینار قەرزادم؛ تەنیا ئومێدمان بە خودا و پاشان بە سەرۆکی حکوومەتە قەرەبوومان بکاتەوە."
 
خەرجیی پێگەیاندنی هەر وەجبەیەکی ماسی لە حەوزێکدا 35 تا 75 ملیۆن دینارە. بە گوتەی خاوەن حەوزەکان، ئەو حەوزانەشی نەتەقیون، خراپ بوون و ماسییەکانیان کەوتوونەتە ژێر قوڕ و لم. بەپێی خەمڵاندنی ئەنجوومەنی خاوەن حەوزەکانی تەقتەق، خاوەن حەوزەکانی سنوورەکە نزیکەی 20 ملیار دینار زیانیان بەرکەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زانکۆی سەڵاحەدین

زانکۆی سەڵاحەدین 500 کتێب بۆ کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ دەنێرێت

لافاو زیانێکی زۆری بە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ گەیاند. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، 500 کتێبی سەردەمی و کواڵیتی باش بۆ کتێبخانەکە دەنێرن.