رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان رایگەیاند، دوای نزیکەی 5 کاژێر لە ونبوونی، تەرمی ئەو منداڵەی لە کەلار کەوتبووە نێو ئاوی لافاوەوە، کاژێر 10:30ـی ئەمشەو دۆزرایەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە،10ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەیوب عومەری تەمەن 12 ساڵان، لەسەر پردی گازینۆی کەلار قاچی خلیسکا و کەوتە نێو ئاوی لافاو. ئەمشەو لە نزیک قەڵای شێروانە تەرمەکەیان دۆزییەوە.
ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە نزیک کاژێر 05:00ـی ئێوارەوە تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوام بوون لە گەڕان، بەڵام بەهۆی زۆریی ئاو و تاریکییەوە، گەڕانەکان درێژەیان کێشا و دوای نزیکەی 5 کاژێر تەرمەکە دۆزرایەوە."
بە گوتەی ئیبراهیم محەممەد، ئەو منداڵەی تەرمەکەی دۆزرایەوە ناوی ئەیوب عومەرە و لە ئێوارەوە ون ببوو.
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە چەندین ناوچە لافاو دروست بوو، بەهۆیەوە تائێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، دوو کەس لە چەمچەماڵ، منداڵێک لە لەیلان، ئافرەتێک لە کەرکووک و منداڵێکیش لە کەلار. هەروەها 17 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ