هاوکارییەکانی دەزگای روانگە گەیشتنە چەمچەماڵ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای روانگە کۆمەڵێک کەلوپەل و پێداویستی بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیاندا دابەش دەکات؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگاکە دەڵێ، بەگشتی هەزار و 200 خێزان لە هاوکارییەکان سوودمەند دەبن.
 
شەوی چوارشەممە، 10-12-2025، دەزگای روانگە بە چەند بارهەڵگرێک لە هەولێرەوە کۆمەڵێک هاوکاری گەیاندە قەزای چەمچەماڵی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی بەسەر زیانلێکەوتووانی لافاوەکەدا دابەش بکرێن.
 
حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئەو هاوکارییانەی هێناومانن قۆناخی یەکەمە بەیانی دابەش دەکرێن. ئێستا چاوەڕوانین ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکهاتووە، لیستی زیانلێکەوتووانمان پێبدات و شوێنەکانمان بۆ دیاری بکەن.''
 
بەگوتەی حەسەن شێخ عەلائەدین، بەگشتی هاوکاریی هەزار و 200 خێزانی زیانلێکەوتوو دەکەن، ''بەڵام ئەو هاوکارییانەی ئێستا گەیشتوونەتە چەمچەماڵ، بەشی 200 خێزانن، بەیانیش بەشی 200 خێزانی دیکە دەگات، هەروەها بە رادەی 200 خێزان هاوکاری گەیشتووەتە کەلار و بەیانیش بەشی 200 خێزانی دیکە دەگاتە کەلار.''
 
وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە گوتی، هاوکارییەکان پێکهاتوون لە راخەر، دۆشەک، سەرین، گەرمکەرەوە، بەتانی، سۆپای کواڵیتیی بەرز، شیر و پێداویستییەکانی منداڵ.
 
حەسەن شێخ عەلائەدین دەڵێت، ''بە سێ قۆناخ لە دابەشکردنی هاوکارییەکان بەردەوام دەبین و تاوەکو رۆژی هەینی، قۆناخ لەدوای قۆناخ ئەو شتانەی کە ئامادە کراون، دەگەیێنرێنە چەمچەماڵ.''
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە گوتیشی، ''بەبێ ئیدارەی خۆجێیی و بەبێ ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن حکومەتەوە پێکیهێنراوە، هیچ هەنگاوێک نانێین، بۆ ئەوەی ئەو هاوکارییانە بە دروستی بگاتە ئەو خێزانانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.''
 
لە رۆژی یەکشەممەوە بارانی بەخوڕ لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و بەهۆیەوە لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە