رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی کەرکووک رایدەگەیێنێت، ئەو بەشەی گەڕەکی شۆراو کە لافاوی تێدا دروستبووە، بە زیادەڕۆ لەسەر رێڕەوی چەم دروستکراوە، بۆیە باشترین چارەسەر گواستنەوەی گەڕەکەکەیە.
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە، شەوی چوارشەممە لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکووک لافاو دروستبوو و ئاو چووە نێو چەندین ماڵ و زیانی ماددیی لێکەوتەوە.
زاگرۆس گلی، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو شوێنەی لافاوەکەی تێدا دروستبووە، رێڕەوی چەمە و گەڕەکێکی زیادەڕۆیە، بۆیە ئێستا و داهاتووش مەترسیی دروستبوونی لافاوی لەسەرە."
سەبارەت بە هۆکاری کۆبوونەوەی ئاوەکە، زاگرۆس گلی گوتی: "بەهۆی ئەوەی ئەو بۆریانەی بۆ ئاوەڕۆی گەڕەکەکە دانراون قەبارەیان بچووکە و توانای گواستنەوەی لافاویان نییە، لەکاتی لافاوەکەدا ئاو نزیکەی دوو مەتر بەرزبووەتەوە."
ماوەی سێ ساڵە لەسەریەک لە گەڕەکی شۆراو لافاو دروست دەبێت؛ بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی کەرکووک دەڵێت، دوو چارەسەر بۆ کێشەکە هەن: "یەکەمیان گواستنەوە و لابردنی گەڕەکەکەیە، دووەمیان دابەشکردنی ئاوەڕۆی گەڕەکەکەیە بۆ ئەوەی ئاو لە یەک شوێن کۆنەبێتەوە."
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، پێشنیازەکانیان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە و چاوەڕوانی وەڵامن، بەگشتیش چارەسەرکردنی کێشەی ئاوەڕۆی گەڕەکە زیادەڕۆکان پێویستی بە 47 ملیار دینارە.
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ هەرێمی کوردستان و کەرکووکی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە لە چەند شارێک لافاو دروستبوو. لافاوەکە جگە لە زیانی ماددیی زۆر، زیانی گیانیشی لێکەوتەوە و تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 5 کەس تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ