چارەنووسی 150 گەنجی هەرێمی کوردستان لە لیبیا نادیارە؛ خێزانەکانیان چاوەڕوانی رۆڵەکانیانن

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەبوبەکر ئیسماعیل
چارەنووسی 150 گەنجی کورد لە لیبیا نادیارە
چارەنووسی 150 گەنجی کورد لە لیبیا نادیارە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بێسۆراخی لە چارەنووسی کوڕە 20 ساڵانەکەیان، کە خوێندکاری قۆناخی دووەمی زانکۆی راپەڕین بوو، ئۆقرەی لە دایک و باوکێک بڕیوە. ئەوان شەش مانگە چاوەڕێی هەواڵێکی کوڕەکەیانن کە لە لیبیا لەنێوان چنگی قاچاخچی و گرووپە چەکدارەکاندا دەستاودەستی پێ دەکرێت.
 
ئەم گەنجە خوێندکارە، یەکێکە لەو 150 گەنجە کۆچبەرەی هەرێمی کوردستان کە لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەورووپا، لە وڵاتی لیبیا گیریان خواردووە و چارەنووسیان نادیارە. شلێر مینە، دایکی یەکێک لەو کۆچبەرانەیە و بە خەمبارییەوە دەڵێت: "تەنیا دەمەوێت کوڕەکەم بۆ بگەڕێتەوە، لێرە هیچ ئیشێکی نەبوو، تەنیا خەریکی خوێندنەکەی بوو."
 
باوکی کۆچبەرەکەش باس لەو تێچووە زۆرە دەکات کە بۆ گەیشتنی کوڕەکەی بە ئەورووپا خەرجیان کردووە. مستەفا حەمە دەڵێت: "14 هەزار و 600 دۆلارمان (146 وەرەقە) داوە بۆ ڕۆیشتنی، ئێستاش داواکارین بۆمان بگەڕێتەوە؛ کوڕەکەشمان خۆی پەشیمانە و داوای گەڕانەوە دەکات."
 
مەترسییەکانی سەر ژیانی ئەم کۆچبەرانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی عێراقی هێناوەتە دەنگ. هەوڵەکان بۆ رزگارکردنیان بەردەوامە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەشێکیان تەنیا لە ڕێگەی پارەدان و کڕینەوەیان لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە لەدەست گرووپە چەکدارەکان رزگارکراون.
موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی هەوڵەکانی گەڕانەوەیان رایگەیاند: "بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەو فڕۆکەیەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی داوە، بەرەو لیبیا بەڕێ بکەوێت بۆ گێڕانەوەیان. بەڵام گرووپێکی دیکەی کۆچبەران هەن کە هێشتا لەدەست گرووپە چەکدارەکاندان و بۆ ئازادکردنیان داوای پارە دەکەن."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، تەنیا لە ساڵی 2025دا نزیکەی 6500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە، کە نزیکەی 2 هەزار کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕین بوون. هەر بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو کۆمەڵەیە، ساڵی رابردوو 11 کۆچبەر لە ڕێگەی گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە.
 
کەمیی هەلی کار و دانەمەزراندن، بە سەرەکیترین هۆکاری کۆچی گەنجان لە ئیدارەی راپەڕین دادەنرێت. ئەو 150 گەنجەی پشتیان لە هەموو شتێک کرد بۆ گەیشتن بە ئەورووپا، ئێستا ژیانیان لە مەترسیدایە و کەسوکاریان نەک هەر خەمی ژیانی کوڕەکانیانە، بەڵکو دەبێت بۆ ئازادکردنی هەر یەکێکیان بڕی 4 هەزار و 500 دۆلاری دیکەش بدەنە گرووپە چەکدارەکان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە