رووداو دیجیتاڵ
بڕیار وابوو 26ی ئەم مانگە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشانگەی بەرهەمەکانی سووریا بکرێتەوە، بەڵام پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "پێشانگەکە ناکرێتەوە."
رۆژی یەکشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیار بوو 26ی ئەم مانگە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشانگەی بەرهەمەکانی سووریا بکرێتەوە، بەڵام ئەو پێشانگەیە ناکرێتەوە."
لە 6ی ئەم مانگە، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب کە کوردنشینن. بەهۆی هێرشەکەوە دەیان کەس کوژران و برینداربوون، هەزارانیش ئاوارە بوون.
لەبارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پێشانگەکە، ئومێد خۆشناو گوتی، "ئەمە جاری یەکەم نییە، جارێکی دیکەش بەهۆی دانەنانی ئاڵای کوردستان رێگریمان لە پێشانگەکە کرد و دواتر چاکیان کردەوە، بەڵام ئەمجارە بەهۆی رووداوەکانی سووریاوە بە هیچ شێوەیەک رێگە بە کردنەوەی پێشانگەکە نادرێت."
بڕیار بوو 26ـی ئەم مانگە پێشانگەکە لە هەولێر بکرێتەوە؛ لەدوای ئەوەی هەڵمەتێکی فراوان لە سۆشیاڵ میدیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێشانگەکە کرا، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ناکرێتەوە pic.twitter.com/GtowxPBmbk
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 11, 2026
لە 30-12-2025، دامەزراوەی گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بۆ پێشانگە و بازاڕی نێودەوڵەتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، رێکلامی پێشانگەکەی بڵاوکردەوە کە وێنەی قەڵای هەولێری لەسەر دانرابوو و دوو ئاڵای گەورەی عێراق و سووریا بەسەریدا شۆڕ کرابوونەوە، بەڵام ئاڵای کوردستانی تێدا نەبوو.
تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد و لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان قسەی کرد.
چەند کاژێرێکی کەم دوای بەدواداچوونەکەی رووداو، دامەزراوەی گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بۆ پێشانگە و بازاڕی نێودەوڵەتی وێنەیەکی دیکەی بڵاوکردەوە و ئاڵای کوردستانی بۆ زیاد کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ