هاوسەرگیرییەکی نهێنی لە هەولێر دوای ئاشکرابوونی کێشەی گەورەی ناوەتەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
ژنێک دەڵێت، هاوژینەکەی پارەیەکی زۆری لێسەندووە
ژنێک دەڵێت، هاوژینەکەی پارەیەکی زۆری لێسەندووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژنێک لە هەولێر سکاڵا لەسەر هاوژینەکەی تۆماردەکات و دەڵێت، دوای ئەوەی بەنهێنی مارەی کردووە، بڕێکی زۆر پارەی لێسەندووە و ئێستاش هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات. هاوکات، پیاوەکە تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەو بابەتەکەی گەورە کرد و ئێستا نامەوێت و لێی جیادەبمەوە."
 
ئەو ژنە کە سکاڵاکارە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی: "بە پارەی خەیاتی 8 دەفتەر و 75 وەرەقە و زێری کچەکەم و سێ مۆبایلی ئایفۆنم پێیدا، گوتی بارهەڵگر دەکڕم و هاوسەرگیری دەکەین، بەڵام ئێستا هەڕەشەی کوشتنم لێدەکات. داوا لە حکومەت دەکەم چارەسەرێکم بکات. هیچ شوێنێکم نییە بۆی بچم."
 
سکاڵاکار هەروەها دەڵێت، "باوک و براکانم حاشایان لێکردووم و هەڕەشەم لێدەکەن، بۆیە لە ترسی گیانی خۆم، لە شوقەیەکدا بە تەنیا دەژیم و ناونیشانی خۆم بە کەس نادەم."
 
بەگوێرەی بەڵگە دەنگییەکان، هاوژینی سکاڵاکار کە شۆفێری بارهەڵگر و باوکی سێ منداڵە، بەڵێنی گرێبەستی دادگە و پێکەوەژیانی پێداوە، بەڵام جێبەجێی نەکردووە. 
 
ئەو ئافرەتە دەشڵێت، "پێیگوتم گورچیلەت دەردەهێنم و دەیفرۆشم. ئێستا براکانم و هاوژینەکەم دەیانەوێت بمکوژن، تەنانەت هاوژینەکەم بە چەقۆش لێیداوم. بۆ ئەوەی لە هەڕەشەی کوشتنی براکانم رزگارم ببێت، دەمەوێت ماڵێکم بۆ دابنێت و گرێبەستی هاوژینیم لەگەڵ بکات."
 
هاوژینی سکاڵاکار، تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و لە بەرپرسیار گوتی: "تەواوی قسەکانی دوورن لە راستییەوە. من بەنهێنی مارەم کرد و پێمگوت ماڵێکت بۆ دادەنێم، سەرەتا لە ماڵی براکەم دامنا، بەڵام ئەو چوو بە هاوژینی یەکەممی گوت و کێشەی دروستکرد."
 
سکاڵالێکراو دان بەوەدا دەنێت کە 7 ملیۆن دیناری لا بووە و بۆی گەڕاندووەتەوە، بەڵام رەتیدەکاتەوە هەڕەشەی کوشتنی کردبێت و دەڵێت، "لەسەر سکاڵای ئەو 15 رۆژ گیراوم. وێنەی نەشیاوم لەنێو مۆبایلەکەی بینیوە، ئێستا نامەوێت و دەمەوێ لێی جیابمەوە."
 
کێشەکە تەنیا لەنێوان ژن و مێردەکەدا نییە، بەڵکو خێزانەکەشی تێوەگلاوە. باوکی سکاڵاکار بە رووداوی گوت، "حاشام لێکردووە و نامەوێت بگەڕێتەوە ماڵ، چونکە بەبێ رەزامەندیی ئێمە شووی کرد. براکانیشی قبووڵیان نییە بگەڕێتەوە."
 
دادوەر سەباح حەسەن، لە بەرپرسیار، گوتی: "ئەم هاوسەرگیرییە یاسایی نییە، چونکە بۆ هاوسەرگیریی دووەم، دەبێت ژنی یەکەم رازی بێت و مێردەکە توانای دارایی هەبێت."
 
 دادوەر سەباح، گوتیشی، "ئەم ژنە دەتوانێت لە دادگە داوای چەسپاندنی هاوسەرگیرییەکەی بکات."
 
عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر، پشتڕاستیکردەوە کە سکاڵای ئەو ئافرەتەیان بەدەستگەیشتووە لەسەر ئەوەی "هاوژینەکەی مارەی کردووە و نەیگواستووەتەوە."
 
 عەقید سەفین، بە رووداوی گوت: "ئەگەر هەڕەشە لەسەر ژیانی هەیە، دەتوانێت بەڵگەکانی پێشکێشی دادگەی تایبەتمەند بکات بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە