رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریا چوونە نێو شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ و بەڕێوەبردنی کەمپی هۆلـیان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەرگرتەوە و کەمپەکەیان چۆڵ کرد، ئێستا کەمپی رۆژ بووەتە دووەم مەترسیدارترین کەمپ لە سووریا.
ئەم کەمپە کە دەکەوێتە سێگۆشەی سنووری نێوان تورکیا، عێراق و سووریا، لە نزیک دێرک، ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە کە هەڵگری دەیان وەڵاتینامەی جیاوازن، لەنێویاندا بەلجیکی، ئەڵمانی، سربی، ئێرانی، میسری و قیرغیزی.
ژیان لەناو کەمپەکە
کەمپەکە بە پەرژین و کامێرای چاودێری و پاسەوانی تووند دەورە دراوە. لەنێو کەمپەکەدا سەتان چادر هەن.
ژیان زۆر سەختە؛ قوتابخانە و فێرکردن نییە، منداڵەکان بێکارن و تەنیا یاری دەکەن. ژنەکان سەرقاڵی چێشتلێنان و جلشۆردنن بە دەست.
زیاتر لە دوو هەزار ژن و منداڵی بیانی لەنێو کەمپەکەدایە کە 742 خێزان پێکدێنن. زۆربەیان بێوەژنن و مێردەکانیان کوژراون یان لە زینداندان.
چیرۆکی ژنەکان
کەناڵی DWی عەرەبی سەردانی کەمپەکەی کردووە و چیرۆکی چەند ژنێکی بە نموونە باس کردووە.
کاساندرا (بەلجیکی – 31 ساڵ)
قژ زەرد و چاو سەوزە، بە پێچەوانەی زۆربەی ژنەکانی دیکە باڵاپۆش نییە و جلی رەنگاوڕەنگ دەپۆشێت.
ساڵی 2015 لە تەمەنی 18 ساڵیدا لەگەڵ هاوژینە فەرەنسییەکەی چووەتە سووریا. هاوژینەکەی لە ساڵی 2016 کوژراوە.
ئەو دەڵێت: "من گۆڕاوم و وەک ئەو ژنە تووندڕۆیانە نیم. 9 ساڵە لێرەم و سزای خۆم وەرگرتووە. دەمەوێت بچمە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر نەشمبەنەوە بۆ بەلجیکا، لە ناوچە کوردییەکان دەژیم."
حکومەتی بەلجیکا تەنیا ئەوانەی بردووەتەوە کە دایک و باوکیان بەلجیکین، بەڵام ئەمە بێوەژنە و منداڵی نییە، بۆیە تا ئێستا نەبراوەتەوە.
زەکیا (سربی – 36 ساڵ)
لە ئەڵمانیا دەژیا. مێردە ئەڵمانییەکەی (بە رەچەڵەک بۆسنی) فریوی داوە و گوتویەتی دەچنە تورکیا بۆ گەشت، بەڵام بردوویەتی بۆ سووریا.
مێردەکەی دوای 5 مانگ کوژراوە و 3 کچی بۆ جێهێشتووە (گەورەکەیان لە ئەڵمانیا لەدایکبووە). دواتر شووی بە چەکدارێکی سووری کردووە و دوو منداڵی دیکەی لێ بووە، ئەویش کوژراوە. ئێستا خاوەنی 5 منداڵە.
زەکیا "زۆر پەشیمانە" و خەون بەوەوە دەبینێت بگەڕێتەوە ئەڵمانیا و ئارایشتگەیەک بکاتەوە و دایکی ببینێتەوە.
ئەو بە گاڵتەوە دەڵێت: "ژنێکی تاجیکی لێرەیە 6 جار شووی کردووە و 3 منداڵی لە چەکداری خاوەن وەڵاتینامەی جیاواز هەیە."
ژنە ئێرانییەکە (ناوی نەهێناوە – 40 ساڵ)
لەگەڵ هاوژینەکەی چووەتە سووریا. لە رەققە و دێرەزوور ژیاون. دوای تێکشکانی داعش لە 2019، سەرەتا براون بۆ کەمپی هۆڵ و دواتر بۆ رۆژ.
ژنەکە باڵاپۆشە. دەڵێت: "ئەمە کەمپ نییە، بەندیخانەیە. نە ئاو هەیە، نە کارەبا، نە خوێندن."
مێردەکەی لە زینداندایە و تەنیا یەک نامەی لێوە هاتووە، نازانێت ماوە یان مردووە.
مەرغووبە مەحموود (قیرگیزستانی)
لەگەڵ چەند ژنێکی دیکەی قیرغیزی و ئۆزبەکی چاوەڕێی فڕۆکەن بیانباتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا خەیاڵە چونکە وڵاتەکەیان وەریانناگرێتەوە.
مێردەکەی بەرپرس بووە لە داعش و لە مەیادین کوژراوە. ئێستا 5 منداڵی هەیە. دەڵێت، بەشداریی شەڕی نەکردووە.
ئەمیرە محیەدین (میسری – 35 ساڵ)
لە زانکۆی قاهیرە عاشق بووە. مێردە مەغریبییەکەی فریوی داوە و گوتویەتی دەچنە تورکیا بۆ ئیش، بەڵام بردوویەتی بۆ گرێ سپی و رەققە.
وەک خۆی دەڵێت، مێردەکەی 28 رۆژ شەڕی دەکرد و یەک رۆژ دەهاتەوە. پاسپۆرتەکەی لێ سەندبووەوە و بێبەشی کردبوو لە هەموو شتێک. دوای ساڵێک مێردەکەی کوژرا.
کچێک بە ناوی سەلسەبیل و کوڕێک بە ناوی محەممەدی هەیە. هیچ بەڵگەنامەیەکیان نییە بیسەلمێنێت میسرین یان مەغریبی.
حەکیمە ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەمپەکە دەڵێت: "دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی حکومەتی سووریا، ژنە تووندڕۆکان هیواکانیان بۆ گەڕانەوەی داعش زیادبووە. دروشمی داعش لەسەر دیوار و چادرەکان دەنووسن. هەڕەشە لە پاسەوانەکان دەکەن و دەڵێن، بەم نزیکانە ئازاد دەبین و تۆڵە دەکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ