رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رۆژی یەکشەممە 11-01-2026، هەموو ئەو بانگەشانەی وەزارەتی بەرگریی سووریای رەتکردەوە کە باسیان لە جووڵەی سەربازی یان کۆکردنەوەی هێز لە بەرەی (دێر حافر) دەکرد. هەسەدە جەختی کردەوە کە هیچ ئامادەکارییەکی نائاسایی لە ناوچەکەدا نییە.
هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا روونی کردەوە، ئەو کۆبوونەوانەی لە ناوچەکەدا بینراون، تەنیا هاووڵاتییانی سڤیلی باکوور و روژهەڵاتی سووریا بوون کە بۆ پێشوازیکردن لە بریندارانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب کۆببوونەوە.
هەسەدە حکومەتی دیمەشقی بە بڵاوکردنەوەی "زانیاریی چەواشەکار" تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە درۆنەکانی تورکیا لە جۆری (بایراکتار) و (ئاکنجی) لە ناوچەکە بینراون.
هەسەدە رایگەیاند، شاری دێر حافر و گوندەکانی دەوروبەری، لەگەڵ ناوچەی کێڵگەی "سەورە،" رووبەڕووی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو و تۆپباران بوونەتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە چەند وێنەیەکی وەک بەڵگە بڵاوکردەوە، کە تێیدا پاشماوەی مووشەکی درۆنی (بایراکتار)ـی تورکی دەردەکەوێت، کە بە گوتەی ئەوان یەکێک لە دامەزراوەکانی لە ناوچەی (مەسکەنە) کردووەتە ئامانج.
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە سوپای سووریا کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی حەلەبی راگەیاند و زیاتر لە 400 شەڕڤانی کورد لە شارەکە کشانەوە و گەیشتنە قامشلۆ. ململانێکان دوای ئەوە هاتن کە رێککەوتنی 10ـی ئاداری 2025 بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا تووشی بنبەست بوو.
حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع، کە دوای رووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتی گرتە دەست، داوای کۆتاییهێنان بە "چەکداری نایاسایی" لە حەلەب دەکرد. لە بەرامبەردا، هەسەدە تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە هاوکاریی سوپای سووریا دەکات بۆ لێدانی پێگە کوردییەکان و لەناوبردنی دەستکەوتە سیاسییەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ