رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی لوڕستان دەستبەسەرکردنی زیاتر لە 100 کەسی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان و نانەوەی پشێوی راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای لوڕستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "لە رۆژانی رابردوودا زیاتر لە 100 کەس لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکە لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی دیکە دەستبەسەر کراون، کە بەشداریان لە خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکاندا کردووە."
پۆلیسی لوڕستان تۆمەتی "پشێوی نانەوە و ئاژاوەگێڕی" داوەتە پاڵ دەستبەسەرکراوان و دەڵێت، "لە شاری خوڕەمئاوا تیمێکی چوار کەسی و لە بروجێرد تیمێکی حەوت کەسییان دەستبەسەر کردووە کە چەکیان پێبووە."
لە راگەیێندراوی پۆلیسی لوڕستاندا ئاماژە بەوە کراوە، کە "ئەم کەسانە نیازیان هەبووە، بەشداری لە ئاژاوەگێڕییەکاندا بکەن و خەڵکی سڤیل بکوژن و بخەنە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانەوە."
تاوەکو ئێستا ژمارەی تەواوی دەستبەسەرکراوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دیار نییە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوو هەفتەی رابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان دەستبەسەرکراون.
رێکخراوی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هێرانا) دەڵێت، بە پێی زانیارییەکانیان تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 600 کەس لە خۆپێشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ماوەی 15 رۆژە خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی بژێوی دەستیانپێکردووە.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025، بە مانگرتنی کاسبکاران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر تەواوی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ