رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ، هێزێکی عێراق لە رێگەی نێوان قەزاکانی کفری و خورماتوو 8 پێشمەرگەیان دەستگیر کرد و دواتر ئازادیان کردن.
عەمید رەفیق سەعید خزر، فەرماندەی لیوای 9ی پیادە هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026 هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاست کردەوە و گوتی، "ئەمانە پێشمەرگەی ئێمە بوون، لەکاتی گەڕانەوەی لە دەوام بۆ ماڵەوە لە بازگەی خدر وەلی لەلایەن پۆلیسی خوورماتووەوە دەستگیر کراون."
فەرماندەکەی پێشمەرگە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو پێشمەرگانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، چەکیان پێ بووە، "پێشتر چەند جارێک پێشمەرگەکانمان ئاگادار کردووەتەوە بە چەکەوە لە بازگەکانی عێراق هاتووچۆ نەکەن."
هەر لەوبارەوە، کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین، کە کوردە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمانە دەوامیان لە قەزای کفری بووە و لەکاتی گەڕانەوەیاندا لەو بازگەیە بەهۆی ئەوەی چەکیان پێبووە، دەستگیر کراون."
کاوە شێخانی گوتیشی، "دوای هەوڵەکانمان پێشمەرگەکانمان بە چەک و تاقمەکانیان ئازادکران. سێ پێشمەرگە لیوای نۆی پێشمەرگە و 5ی دیکەیان پۆلیسی لیوای نەوت و گاز بوونە."
هەروەها سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند، هەر هەشت پێشمەرگەکە ئازادکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ