شوێنەواری ئاکرێ: گۆڕێک هەڵدراوەتەوە تەمەنی نزیکەی 300 ساڵە

11-03-2022
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
شوێنەواری ئاکرێ: گۆڕێک هەڵدراوەتەوە تەمەنی نزیکەی 300 ساڵە
شوێنەواری ئاکرێ: گۆڕێک هەڵدراوەتەوە تەمەنی نزیکەی 300 ساڵە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەماوەی تەنیا یەک مانگدا لە قەزای ئاکرێ، سێ گۆڕی مێژوویی هەڵدراونەتەوە کە پێشبینی دەکرێت بۆ گەڕان بەدوای زێڕدا هەڵکۆڵدرابێت.
 
یەکێک لەو گۆڕانەی کە هەڵدراوەتەوە لە گوندی بەیبیناڤایە و وەکو خەڵکی گوندەکە دەڵێن، تەمەنێکی زۆری هەیە، خەڵکی ناوچەکە وەکو شوێنێکی پیرۆز سەیری ئەو گۆڕە دەکەن و هەندێکیش وەکو "شوێنێک بۆ چارەسەر" بەکاری دەهێنن. ئەو گۆڕە نزیکەی پێنج مەتر درێژە، خەڵکی گوندەکە دەڵێن، ئەوان نازانن کێیە ئەو گۆڕانەی هەڵداوەتەوە. 
 
عەزیز عومەر، خەڵکی گوندی بەیبیناڤایە لە سنووری ئاکرێ و دەڵێت، "زۆر بڕوامان بەو گۆڕە هەبوو، بەردێکی بچووکی لەسەر بوو خەڵک لەسەر و پشتی خۆی دەدا و وەکو شیفا بەکاری دەهێنا. ئێمە نازانین کەی هەڵدراوەتەوە و ناشزانین کە هیچی تێدابووە یان نا."
 
نێچیرڤان عەزیز، دانیشتوویەکی دیکەی بەیبیناڤایە و باس لەوە دەکات، "ئەوە گۆڕی ئەسحابەیە، ئێمە نازانین کە مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر ناوی ئەسحابە بێت ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیسلام. پێش چەند شەوێک هاتوون هەڵیانداوەتەوە و نزیکەی سێ مەتر هەڵکۆڵدراوە، بەڵام نازانین کە هیچ شتێکیان دۆزیوەتەوە یاخود نا."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئاکرێ، لەماوەی تەنیا یەک مانگدا سێ گۆڕی کۆن و مێژوویی هەڵدراونەتەوە، بەگوێرەی لیکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی ئەوان، گۆڕەکەی گوندی بەیبیناڤا تەمەنی زیاتر لە 300 ساڵە. دەشڵێن، "لێکۆڵینەوەی لەو رووداوە دەستی پێکردووە."
 
هیوا شیمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئاکرێ دەڵێت، "ئەو شوێنانە لەلایەن گروپێکی نەناسراو هەڵدراونەتەوە، ئێمە لەگەڵ قایمقامی ئاکرێ و دەزگا ئەمنییەکان لەسەر هێڵین و بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەوەی ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن و بدرێنە دادگە."
 
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە سنووری ئاکرێ نزیکەی 40 شوێنی مێژوویی و شوێنەواری هەڵکۆڵدراون و دەستکاریی کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە