رووداو دیجیتاڵ
نزیکەى 120 هەزار هاونیشتمانیی هەرێمى کوردستان تۆمارى بایۆمەتریی دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە کە زۆترینیان لە هەولێر و کەمترینیان لە دهۆک بووە.
رۆژی 11ى ئادارى 2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تاوەکو 10ى ئادار کە دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران داخرا، 119 هەزار و 850 کەس لە هەرێمى کوردستان تۆمارى بایۆمەترى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە، کە بەشێکیان ئەوانەن کە بۆ یەکەمجارە مافى دەنگدانیان دەبێت".
لەدواى یەکجار درێژکردنەوە، دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لە 10ى ئادار داخرا.
جومانە غەلاى گوتى: "60 هەزار و 169 دەنگدەر لە سنوورى هەولێر تۆمارى دەنگدەرانیان نوێکردووەتەوە، ژمارەکە لە پارێزگاى سلێمانى 34 هەزار و 454 کەس و لە دهۆک 25 هەزار و 227 کەس بووە".
بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە سێ ملیۆن و 700 هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، تاوەکو 29ى شوبات دوو ملیۆن و 800 هەزار کەس کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان دەرهێنابوو، کە بێ ئەو کارتە ناتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەن.
رۆژی 3ـى ئاداری 2024، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان فهرمانى ههرێمیی بۆ دياريكردنى رۆژى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان واژۆ كرد، کە رۆژى 10-6-2024ـە.
بەگوێرەى نوێترین ئامارى دەزگەى ئامارى عێراق، ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان شەش ملیۆن و سێ هەزار و 554 کەسە؛ پارێزگاى سلێمانى دوو ملیۆن و 320 هەزار و 434 کەس، هەولێر دوو ملیۆن و 97 هەزار و 205 کەس، دهۆک یەک ملیۆن و 461 هەزار و 457 کەس و هەڵەبجە 124 هەزار و 458 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ