'ئاگاداربن هات': بۆ یازدەمین شەو بە درۆن هێرشکرایە سەر شاری هەولێر

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"ئاگاداربن هات" ئەمە پەیامی دانیشتووانی قەزای خەبات و ناحیەی خازرە، بۆ خزم و کەس و ناسیاوانیان لە نێو شاری هەولێر و دەوروبەری، کە درۆن بەرەو شاری هەولێر بەڕێوەیە، بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن. 
 
هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەت بۆ سەر شاری هەولێر بۆ 11ـەمین شەو لەسەر یەک بەردەوام بوون، زۆرترین هێرشەکانیش لە سنووری ئیدارەی سۆران بوون. 
 
لە سێبیران درۆنێک کەوتە خوارەوە
 
کاژێر 1:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقاندنەوەی درۆنێک ئاسمانی کۆمەڵگەی سێبیرانی سەر بە شاری هەولێری رووناک کردەوە، پارچەی درۆنەکان کەوتنە سەر بانی ماڵی هاونیشتمانییەک بە ناوی شاخەوان عومەر سوڵتان، کە لەو کاتەدا لە ماڵ نەبوون.
 
شایەتحاڵێک کە بە گوتەی خۆی دەستبەجێ گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە، بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند "گوێم لە دەنگێک بوو، یەکەم کەس بووم گەیشتمە شوێنەکە، وێنەم گرت، دەنگی دوو تەقینەوە لەسەر ماڵەکە هات."
 
"ئاگاداربن هات"
 
بە گوتەی دانیشتووانی کۆمەڵگەکە ئەو درۆنانە لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەواوە ئاراستەی هەولێر دەکرێن.
 
هاونیشتمانییەکی کۆمەڵگەی سێبیران بە رووداوی گوت: "خزم و کەسمان هەیە لە خەبات و خازر، کە درۆنەکە دێت ئاگادارمان دەکەنەوە، ڤیدیۆی درۆنەکەیان بۆ ناردین."
 
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، شوێنی هاوێشتنی ئەو درۆنانە دیارە، کە ژیانی ئەوانی تاڵ کردووە و ناهێڵن منداڵەکانیان بنوون، بۆیە داوا دەکات رێگری لەو کەسانە بکرێت کە درۆنەکان ئاراستە دەکەن.
 
هەرچەندە هەفتەی رابردوو محەممەد شیاع سوودانی، بەرپرسانی هەواڵگریی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی دەشتی نەینەوای لە کارەکانیان دوورخستەوە بە پاساوی ئەوەی زانیارییەکانیان نەبوونەتە رێگر لە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو رێکارە نەبووە هۆی کۆتاییهێنان بەو هێرشانە.
 
کۆمەڵگەی سێبیران دەکەوێتە تەنیشت فڕۆکەخانەی هەولێر، زۆربەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانیش دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەکە. نورهات هەرکی، کە دانیشووی کۆمەڵگەکەیە بە رووداوی گوت: "بەردەوام درۆن و پارچەی درۆن و مووشەک لە دەوروبەرمان دەکەونە خوارەوە، بۆیە ژیانمان لە مەترسیدایە."
 
سێ درۆن لە نزیک ماڵی پەرلەمانتارێکی پارتی خرانە خوارەوە
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی سەرکەندی خەیلانیان لە سنووری قەزای هەریر سێ درۆن خرانە خوارەوە.
 
سەعدی خەیلانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی و  موختاری گوندەکە بە رووداوی راگەیاند، درۆنەکان دوای کاژێر 12ی شەو خرانە خوارەوە، ژمارەیان سێ درۆن بوو لەلایەن سیستەمی بەرگریی لە ناوچەکە خراونەتە خوارەوە.
 
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، سەعدی خەیلانی گوتی: "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیان نەبووە."
 
چیاکانی ئیدارەی سۆران درانە بەر درۆن
 
بۆ پێنجەم شەو لەسەر یەک درۆن ئاراستەی سنووری ئیدارەی سۆران کران. حەوت درۆن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتوونەتە خوارەوە.
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە سۆران، رایگەیاند، پێنج لەو درۆنانە لە چیای بەنی هەریر و دووانی دیکەیان لە سنووری چیای برادۆست لە قەزای خەلیفان کەوتوونەتە خوارەوە.
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئەو درۆنانەی دەکەونە خوارەوە، هیچ تەقەیەکیان لێنەکراوە و نەپێکراون، بەڵکو خۆیان لەو شوێنانە دەکەونە خوارەوە، کە زۆربەیان دەوروبەری بنکەی سەربازیی هەریرن.
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانەوە تاوەکو ئێستا، 33 درۆن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتوونەتە خوارەوە. بەهۆی ئەو رووداوانەشەوە تاوەکو ئێستا چوار هاونیشتمانی بریندار بوون، کە سەرجەمیان خەڵکی قەزای چۆمانن.
 
پاسداران دەڵێت هەولێریش بەر هێرشە قورسەکەیان کەوت
 
سوپای پاسدارانی ئێران بەرەبەیانی چوارشەممە شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی بۆ سەر چەندین ئامانجی ئیسرائیلی و ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێکرد. کە وەک "چڕترین و قورسترین" هێرش لە دەستپێکی جەنگەوە وەسفی کردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەم هێرشانە بۆ ماوەی سێ کاژێری بەردەوام بوون و تێیدا شارەکانی تەلئەڤیڤ، حەیفا و ئۆرشەلیم/قودس بۆردوومان کراون.
 
سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، لەم ئۆپەراسیۆنەدا، "چەندین ئامانجی ئەمریکی لە شاری هەولێر" لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بنکەی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن بە مووشەکی بالیستی بۆردومان کراون. 
 
میدیای ئێران رایگەیاند، تەنیا بۆ سەر بنکەکەی بەحرێن و سێ دامەزراوەی دیکە لە هەرێمی کوردستان، "کۆمەڵێکی زەبەلاح" لە مووشەکی بالیستی بەکارهێنراون.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو لە 28ی شوباتەوە، کە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 231 درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، لەو ژمارەیەش 201 درۆن و مووشەک ئاراستەی سنووری پارێزگای هەولێر کراون. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا چوار کەس گیانیان لە دەستداوە و 19 کەسیش بریندار بوونە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە