ڤیکتۆریا تەیلەر: ئەمریکا پێویستی بە کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیرە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکی و جێگیری واشنتنە لە ناوچەکەدا و دەڵێت، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرکردە کانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی روونن کە ئەمریکا پێویستی بە کوردستانێکی بەهێز و گەشەسەندوو هەیە.
 
رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026، ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، میوانی بوڵتەنی کاژێر 16:00ی (تۆڕی میدیایی رووداو) بوو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات. تەیلەر تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی هەستیاری ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و هەولێر.
 
گرنگیی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن
 
ڤیکتۆریا تەیلەر رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمایەکی مێژوویی و بەهای هاوبەش دروست بووە و پشتگیرییەکی بەهێزی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی بۆ ئەم پەیوەندییە هەیە.
 
سەبارەت بە کاریگەریی جەنگی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لەسەر پێگەی کورد، تەیلەر گوتی: "ململانێکانی ئێستا زیاتر گرنگیی کوردستانی عێراقی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دووپات کردووەتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک بیرخستنەوەیەک دەبینرێت کە ئەمریکا دەیەوێت کوردستان بە سەقامگیری بمێنێتەوە".
 
وەڵامدانەوەی میلیشیاکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکان
 
سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراق، تەیلەر جەختی کردەوە کە پاراستنی کارمەند و ئامانجە ئەمریکییەکان سیاسەتێکی جێگیری واشنتنە و گوتی: "کاتێک گرووپە میلیشیاکان هێرش دەکەن، سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ بەرگری لە خۆ کردن." پێشبینیشی کرد ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، ئەمریکا رێکاری توەندتر بگرێتە بەر و "رەنگە بڕیاری بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئەو میلیشیایانەش بدات."
 
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراقدا چەندین جار بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و واشنتنیش لە وەڵامدا چەندین بارەگای ئەو گرووپانەی لە دیالە و مووسڵ بۆردوومان کردووە.
 
قۆناخی دوای خامنەیی و رۆڵی سوپای پاسداران
 
ئاسۆی کۆتاییهاتنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دیار نییە، ڤیکتۆریا تەیلەر ئاماژەی بە بوونی "تەمومژ" لە ئامانجەکاندا کرد و گوتی، هەرچەندە باس لە چوار بۆ هەشت هەفتە دەکرێت و ترەمپیش بەڵێنی کۆتاییهاتنی خێرای داوە، بەڵام پێشبینیکردنی کاتی کۆتاییهاتنەکەی سەختە.
 
بەبڕوای تەیلەر، تاران لە ترسی گۆڕینی رژێم، هەوڵ دەدات جەنگەکە بەرەو ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست فراوان بکات تاوەکو زیان بە ئابووریی جیهانی بگەیەنێت.
 
دەربارەی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی ئێران و دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێ، تەیلەر پێشبینی دەکات لەم قۆناخەدا سوپای پاسداران رۆڵ و کاریگەرییەکی زۆر زیاتری هەبێت و هەڵوێستێکی تووندتر بەرامبەر ئەمریکا بگیرێتە بەر. بەڵام پێیوایە گۆڕینی رێبەر بە تەنیا نابێتە هۆی گۆڕانکارییەکی دراماتیک لە شێوازی کارکردنی کۆماری ئیسلامی، مەگەر ئەوەی هێرشەکان یان خۆپێشاندانە ناوخۆییەکان بارودۆخەکە بگۆڕن.
 
دەقی چاوپێکەوتنەکەی رووداو لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران 
 
رووداو: جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە وەڵامی ئەو پرسیارە قورسە، چونکە دڵنیا نیم، کە خودی سەرۆک ترەمپ بڕیارێکی کۆتایی هەبێت. بێگومان، ئێمە جۆرەها خشتەی کاتیمان لە سەرۆک و لە وەزیری جەنگ، پیت هێگسەس بیستووە، وەک خشتەی چوار بۆ هەشت هەفتە و بێگومان سەرۆک دوێنێ ئاماژەی بەوە کرد جەنگەکە زۆر بە خێرایی کۆتایی دێت. پێموایە یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ ئەمە ئەوەیە کە هێشتا ئامانجی ئەمریکا بە تەواوی روون نییە. لێدوان لەلایەن سەرۆکەوە هەبوون کە ئاماژەیان بە ئارەزووی گۆڕینی رژێم کردووە. لە هەمان کاتدا، پێموایە ئاماژەیەکی زۆر بەهێزیش هەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئارەزووی ململانێیەکی درێژخایەن و بێ کۆتایی ناکات و رەنگە ئامادە بێت ئەمە بە سەرکەوتن ناو ببات بەهۆی سەرکەوتنی ئەمریکا و ئیسرائیل لە گەیاندنی زیانێکی زۆر بە توانای سەربازی ئێران.
 
رووداو: ئەمریکا بەنیازە لەگەڵ رێبەری نوێی ئێران داوای گفتوگۆ و دانوستاندن بکات؟ 

 

ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە ئەوە هێشتا جێگەی مشتومڕە. بێگومان، سەرۆک لە سەرەتاوە ئاماژەی بەوە کردبوو رەنگە هەندێک سەرکردە لە ناو رژێمەکەدا هەبن کە ئەمریکا بتوانێت کاریان لەگەڵ بکات و پێموایە تەواوی ئەم بیرۆکەیە لە دەوری هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەی ڤەنزوێلا دەخولێتەوە، کە تێیدا ئەمریکا نیکۆلاس مادۆرۆی لادا و جێگرەکەی مادۆرۆی لە شوێنی دانا. بێگومان رژێمی ئێران سیستەمێکی زۆر جیاوازە و چەندین چینی سەرکردایەتی و پرۆسەیەکی روونی جێنشینیکردنی هەیە کە چۆنییەتی دانانی سەرکردە نوێیەکان دیاری دەکات. پێموانییە ئەگەرێکی زۆر هەبێت ئەمریکا کاریگەری هەبێت لەسەر ئەوەی کێ دەتوانێت کاری لەگەڵ بکات و کێ دەتوانێت دانوستاندنی لەگەڵ بکات و پێموایە پرسیارێکی کراوە هەیە کە ئایا ئەمریکا لە لایەنی ئێمەوە یان لایەنی ئێرانیش ئارەزووی چوونە سەر مێزی دانوستاندنی هەیە یان نا.
 
رووداو: ئەم جەنگە درێژە دەکێشێت؟ 

 

ڤیکتۆریا تەیلەر: وەک پێشتر گوتم، هێشتا بۆمان روون نییە خشتەی ئامانجەکانی سەرۆک چۆنە. پێموایە ئەو راستییەی کە ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا تارادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە لە گەیاندنی زیان بە تواناکانی مووشەکی بالیستی ئێران و هێزی دەریایی، ئەو شتانەن کە ئەمریکا و سەرۆک دەتوانن وەک سەرکەوتن ئاماژەی پێ بکەن. هەروەها پێشموایە زیان گەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکانی نەوت فاکتەرێکە کە رەنگە کاریگەری هەبێت لەسەر ئەم ئیدارەیەی ئەمریکا و سەرۆک بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن ئەم ئۆپەراسیۆنە بە خێرایی کۆتایی پێ بهێنن.
 
رووداو: پێشبینی دەکەن هەفتەیەکی دیکە جەنگەکە کۆتاییبێت؟ 

 

ڤیکتۆریا تەیلەر: پێشبینیکردنی زۆر قورسە و پێموایە یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی هەوڵدان بۆ پێشبینیکردن سەبارەت بە هەڵوێستەکانی ئەم ئیدارەیە ئەوەیە کە تۆ لە بنەڕەتدا هەوڵ دەدەیت مێشکی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بخوێنیتەوە. سیستەمی ئەمریکا ئێستا بە راستی لەلایەن خودی سەرۆک ترەمپەوە رێنمایی دەکرێت و وەک بینیومانە، هەندێکجار هەڵوێستەکانی دەگۆڕدرێن. سیستەمی ئەمریکا  ئێستا لەسەر بیرۆکراسی و بڕیاردانی دامەزراوەیی و پرۆسەکانی داڕشتنی سیاسەت دروست نەکراوە. بەڵکو پەیوەندی بە هەڵوێستی سەرۆک ترەمپەوە هەیە لە هەر رۆژێکی دیاریکراودا.
 
رووداو: نەبوونی ئامانجێکی دیاریکراو لەلایەن ئەمریکاوە، تاوەکو چەند سوودی بە ئێران گەیاندووە؟
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: یەکێک لە راستییەکان ئەوەیە لێدوانە دژبەیەکەکان لە ئیدارەوە، چ پێش ململانێکە، لەوانەش ئەو لێدوانانەی ئاماژەیان بەوە دەکرد، ئەمریکا بەدوای گۆڕینی رژێمدا دەگەڕێت، بە راستی تارانیان پاڵنا بۆ ئەوەی بڕیاری پەرەپێدانی جەنگەکە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا بدەن. وەک هەمووان ئاماژەی پێ دەکەن، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی رژێمی ئێران مانەوەی خۆیەتی و لە بارودۆخێکدا کە تاران بڕوای وایە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل هەوڵی رووخاندنی رژێمەکە دەدەن، هیچ هاندەرێکی نییە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە. هەر بۆیە پێموایە بینیمان جەنگەکە بە شێوەیەکی دراماتیک فراوان بوو بەوەی ئێران مووشەک و درۆن بۆ چەندین وڵاتی ناوچەکە دەهاوێژێت. ئەمە بێگومان توانایەکی داوە بە ئێران بۆ ئەوەی زیان بە ئابووری جیهانی بگەیەنێت و پیشانی بدات کە دەتوانێت چی لە ناوچەکەدا بکات و نازانم بڵێم ئایا ئەوە سوودێکە بۆ ئێران، بەڵام ئەوە ئەو هەڵبژاردەیە بوو کە لەم بارودۆخەدا کردی.
 
رووداو: ئایا ئەمریکا گوشاری زیاتر دەخاتە سەر گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە لە عێراقدان؟ 
 
ڤیکتۆریا تەیلەر: دەڵێم ئەمە سیاسەتێکی جێگیرە لە چەندین ئیدارەی جیاوازدا کە کاتێک گرووپە میلیشیاکان هێرش دەکەنە سەر کارمەندانی ئەمریکا و ئامانجە ئەمریکییەکان، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە هێرش وەک بەرگری لە خۆکردن دەستپێ بکات. بۆیە چاوەڕوان دەکەم ئەگەر ئەم هێرشانە دژی ئامانجە ئەمریکییەکان بەردەوام بن، رەنگە ببینین ئەمریکا رێکاری تووندتر بگرێتەبەر بۆ هەوڵدان بۆ لاوازکردنی تواناکانی ئەم میلیشیایانە، بەڵام هەروەها دەکرێت ببینیت ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر ئامانجەکانی سەرکردایەتی میلیشیاکان.
 
رووداو: باوەڕدەکەن ئێرانی دوای عەلی خامنەیی جیاواز بێت؟ 

 

ڤیکتۆریا تەیلەر: پێموایە جیاوازی دەبینین. بێگومان زۆر لە شرۆڤەکاران هەوڵدەدەن ئەوەی بتوانن لەبارەی هەڵوێستەکانی رێبەری باڵای نوێوە فێر ببن. بەڵام هەموو چاوەڕوانییەک هەیە کە گۆڕینی سەرکردایەتی بەو مانایە بێت کە سوپای پاسداران رۆڵ و کاریگەرییەکی زیاتری هەبێت بەسەر رێبەری باڵای نوێوە. ئەوە رەنگە بە مانای هەڵوێستێکی تووندتر بێت لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و مرۆڤ بێگومان دەتوانێت چاوەڕوانی ئەوە بکات، بە لەبەرچاوگرتنی توندی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ئێستادا. هەموو ئیدارەکانی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کاتێکدا بیریان لە دانوستاندن لەگەڵ ئێران کردووەتەوە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە و رێبەری باڵای پێشوو رێگەی بە سەرۆکەکانی خۆی دەدا ئەو دانوستاندنانە بکەن. رەنگە لە داهاتوودا ئەوە وا بێت یان نا.
 
 
رووداو: پێتانوایە دوای ئەم جەنگە بایەخدانی ئەمریکا بە هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت؟ 

 

ڤیکتۆریا تەیلەر: ئەمە راستییەکە لە چەندین ئیدارەدا و پێم وایە پشتگیرییەکی بەهێزی هەردوو پارتەکە (کۆماری و دیموکرات) هەیە بۆ پەیوەندی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کوردستانی عێراق و پێموایە ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای مێژوویەکی بەهێزی هاوکاری و بەها هاوبەشەکان دروست کراوە. پێموایە ململانێی ئێستا تەنیا گرنگی کوردستانی عێراقی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دووپات کردووەتەوە. بۆیە ئەو راستییەی کە سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە کاک مەسعوود بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانییەوە دەکات، تەنیا بیرخستنەوەیەکی دیکەیە کە ئەمریکا پێویستی بە کوردستانێکی بەهێز، سەقامگیر و گەشەسەندوو هەیە.ئەزموونی رابردوو پیشانی داوە کە تەنانەت لابردنی رێبەرێکی باڵاش بووەتە هۆی هەڵبژاردنی رێبەرێکی باڵای نوێ و پێم وانییە ئەوە ئەگەری هەبێت گۆڕانکارییەکی دراماتیک لە شێوازی کارکردنی کۆماری ئیسلامیدا دروست بکات. بۆیە بۆ ئێستا، پێموایە بەردەوامی دەبینین مەگەر گۆڕانکارییەک لە ماوەیەکی نزیکدا لە ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا و ئیسرائیلدا رووبدات یان خۆپیشاندانەکانی گەلی ئێران نوێ ببنەوە. بەڵام بۆ ئێستا، وا دەردەکەوێت بەردەوام بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر-رووداو

نووسراوێک لە بارەی مووچەی مانگی ئادارى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان دەدرێتە سوودانی

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رێگەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە، نووسراوێک دەداتە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران تێیدا داوا کراوە مووچەی مانگی ئاداری هەرێمی کوردستان پێش جەژن بدرێت.