رووداو دیجیتاڵ
سیاستڤانی کورد ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتی دیموکرات، لە تەمەنی 75 ساڵی دا لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
شەوی چوارشەممە، 11-3-2026 ئامەد ساڵح موسلیم، کوڕی ساڵح موسلیم بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەمشەو باوکم بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی مریەمانە لە شارۆچکەی عەینکاوە کۆچی دواییکرد.
بە گوتەی ئامەد، باوکی دەمێک بوو نەخۆشیی گورچیلەی هەبوو، ماوەیەک بوو لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی شوشتنەوەی گورچیلەی بۆ دەکرا، بەڵام هەفتەیەک بوو لە نەخۆشخانەی مریەمانە لە عەنکاوەی هەولێر خەوێندرابوو.
لە شەڕی داعش دا کوڕێکی ساڵح موسلیم لە ریزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات دا لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دا شەهید بووە.
ساڵح موسلیم بەهۆی نەخۆش کەوتنی رۆژی 4ی ئادار بۆ چارەسەری هێنرایە هەولێر و، نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەرکی چاودێری و هەموو پێداویستییەکانی چارەسەرکردنی گرتبووە ئەستۆ.
سەبارەت بە مەراسیمی پرسە و ناشتنی تەرمی ساڵح موسلیم، ئامەدی کوڕی گوتی: "سبەی کاژێر 8:00 بەیانی تەرمەکەی لە شاری هەولێر بەڕێدەکرێت بۆ رۆژئاوای کوردستان و لە شاری کۆبانێ بە خاکدەسپێردرێت."
ساڵح موسلیم کێ بوو؟
ساڵح موسلیم محەممەد، لە ئاداری 1951 لە گوندی شیرانی سەر بە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە کۆبانی خوێندووە. ساڵی 1977 بەشی ئەندازیاریی کیمیایی لە زانکۆی تەکنیکیی ئیستەنبووڵ تەواو کردووە. دواتر بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی ساڵێک لە لەندەن خوێندوویەتی.
وەک ئەندازیاری کیمیایی لە کۆمپانیای (پێترۆمین) لە سعودیە کاری کردووە. لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکان لە رێگەی کرێکارانی کورد لە سعودیە، پەیوەندیی بە رێزەکانی پەکەکەوە کردووە.
ساڵی 1990 گەڕاوەتەوە سووریا و لە کۆبانێ و حەلەب وەک ئەندازیار کاری کردووە.
ساڵی 1998 بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی گردبوونەی نیشتمانیی دیموکرات. ساڵی 2003 یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD).
سێ جار لەلایەن رژێمی سووریاوە دەستگیرکراوە، 2004 لە کۆبانێ دەستگیرکرا و ساڵێک لەژێر ئەشکەنجەدا بوو 2006 بۆ ماوەی سێ مانگ دەستگیرکرا 2009 رژێمی سووریا هەوڵی دەستگیرکردنی دا، بەڵام چونکە خۆی تێدا نەبوو، عایشە ئەفەندیی هاوژینییان دەستگیرکرد و 9 مانگ لە زیندان مایەوە.
ساڵح موسلیم 2010 - 2017 هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD). دوایین پۆستی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی PYD بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ