رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بە شکۆدارییەوە یادی پەنجا و شەش ساڵەی رێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 دەکەینەوە. "ئەم رێککەوتننامەیە بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هاتە ئاراوە، گەورەترین دەستکەوتی سیاسی و یاسایی بوو." دەشڵێت، لەم دۆخەی ئێستا، لە عێراقيش پێویستە هەموومان پەند لە مێژوو وەربگرین.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-3-2026 بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: رێککەوتننامەکە "وەک یەکەم بەڵگەنامەی فەرمیی دانپێدانان بە مافەکانی گەلی کوردستان لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار کرا و بووه بنهمای ههموو دهستکهوتهکانی دواتری ههرێمی کوردستان."
نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیێنێت: رێککەوتننامەی 11ی ئادار تەنیا دەستکەوتێکی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکو نەخشەڕێگەیەکی دروست و نموونەیی بوو بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە عێراقدا. مێژووش سەلماندی پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراق لەو رێککەوتنە، عێراقى رووبەڕووی چەندین دەیە شەڕ، ماڵوێرانی، ناسەقامگیری کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، ناوچەکەمان لەناو ئاڵۆزی و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕدایە. ئەم دۆخە ئاڵۆزه پێمان دەڵێت کە پێویستە هەموو لایەک بە هەستیاری و بهرپرسیاریهتییەوە مامەڵە بکەن و کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن و رێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕ و ئاڵۆزییەکان بگیرێت.
هەروەها جەختی کردووەتەوە لەوەی "لە عێراقيش پێویستە هەموومان پەند لە مێژوو وەربگرین و بزانین کە سەقامگیری بە یەکترقبووڵکردن و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی و دادپەروەری بەدی دێت."
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ بە شکۆدارییەوە یادی پەنجا و شەش ساڵەی ڕێککەوتننامەی مێژووییی 11ی ئازاری 1970 دەکەینەوە. ئەم ڕێککەوتننامەیە کە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هاتە ئاراوە، گەورەترین دەستکەوتی سیاسی و یاسایی بوو. وەک یەکەم بەڵگەنامەی فەرمیی دانپێدانان بە مافەکانی گەلی کوردستان لە مێژووی هاوچەرخدا تۆمار کرا و بووه بنهمای ههموو دهستکهوتهکانی دواتری ههرێمی کوردستان. لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان دادەنەوێنین و سڵاو بۆ تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان دەنێرین.
رێککەوتننامەی 11ی ئازار تەنها دەستکەوتێکی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکو نەخشەڕێگەیەکی دروست و نموونەیی بوو بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە عێراقدا. مێژوو سەلماندی کە پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتدارانی ئەوسای عێراق لەو رێککەوتنە و پەنابردن بۆ لۆژیکی هێز لەجیاتی گفتوگۆ، عێراقى رووبەڕووی چەندین دەیە شەڕ، ماڵوێرانی، ناسەقامگیری و بەفیڕۆدانی سامانە مرۆیی و ماددییەکان کردەوە کە تا ئەمڕۆش باجی ئەو هەڵە مێژووییيانە دەدات.
لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، ناوچەکەمان لەناو ئاڵۆزی و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕدایە. ئەم دۆخە ئاڵۆزه پێمان دەڵێت کە پێویستە هەموو لایەک بە هەستیاری و بهرپرسیاریهتییەوە مامەڵە بکەن و کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن و ڕێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕ و ئاڵۆزییەکان بگیرێت. لە عێراقيش پێویستە هەموومان پەند لە مێژوو وەربگرین و بزانین کە سەقامگیری بە یەکترقبووڵکردن و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی و دادپەروەری بەدی دێت.
لەم یادەدا، جەخت لەسەر یەکڕیزی و تەباییی نێوان لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە وەک تاکە گەرەنتی بۆ پاراستنی قەوارەی فیدراڵی و دهستکهوت و مافە دەستوورییەکانمان. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی کوردستان و عێراق لە مەترسییەکانی شەڕ دوور بخەینەوە و داهاتوويهكى گەشتر، ئاوەدانتر و پڕ لە ئاشتی بۆ نەوەکانمان بنیات بنێین.
سڵاو لە یادی 11ی ئازار. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/11
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ